ڕۆژی ڕابردوو ١٧ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاویی یەکەم کاروانی یارمەتییەکانی خەڵکی شاری مەریوان بەرەو پارێزگای لوڕستان بە ڕێکەوت.
دوای پێکهاتنی کەمپەینی “زاگرۆس چاوەڕێمانە”، کە لە لایەن خەڵکی شارو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان پێشوازی بەربڵاوی لێکرا، گەیاندنی یارمەتییەکان بە خەڵکی لێقەوماوی لوڕستان دەستیپێکردوەو رۆژی ڕابردووش یەکەم کاروانی یارمەتییەکانی شاری مەریوان و شارۆچکەی “نێ” گەیشتە دەست لێقەوماوانی لافاولێدراو.
شایانی باس لە حەوتووی ڕابردووش خێرخوازان و چالاکانی مەدەنی لە مەریوان کاروانێک یارمەتییان گەیاندە شاری “ئاق قەڵا” لە پارێزگای گوڵستان.
پێویستە بگوترێ کە ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی کەمپەینی هاوکارییەکان، ڕایانگەیاندوە کە خۆیان یارمەتییەکان دەگەێنە ناوچە لافاولێدراوەکان و لە نێوخەڵکی لێقەوماو دابەشی دەکەن.
ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆر جار لە لایەن ناوەندە دەوڵەتییەکانەوە کەمتەرخەمی کراوە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ هاوکارییە مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ هاووڵاتییانی پارێزگای لوڕستان، چالاکان و هەڵسوڕاوانی فەرهەنگی و ژینگەپارێزانی کورد، تا ئێستا چەندین کارگرووپیان پێکهێناوەو بۆ ئەوەی باشتر بتوانن یارمەتیدەری خەڵکی لوڕستان بن و لە بەرانبەریش دەسەڵات ڕێگرییان لێدەکا.