بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ دەیان کەس و بنکەی پێوەندیدار بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خراوەنەتە نێو ڕیزی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
هەواڵدەریی ڕوێتێرز لە زاری سێ بەرپرسی پایەبەرزی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە کۆشکی سپی لە هەوڵدایە سپای پاسداران لە ریزی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بناسێنێت و گەمارۆی لەسەر دابنێ.
لە ئەگەری پەسندکرانی ئەو بڕیارە ئەوە یەکەمجارە کە ئەمریکا ناوەندێکی نیزامی وڵاتێک بە فەرمی بە تیرۆریست دەزانێ و پێشتریش ئێران ڕایگەیاندبوو کە بە توندی وڵامی ئەو بڕیارە دەداتەوە.
هەر بە پێی ئەو هەواڵە کە رۆژی هەینی ١٦ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاویی هەواڵدەریی ڕویتێرز بڵاوی کردوتەوە، بڕیارە لە سەر داوای بەرپرسانی ئامریکایی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تا ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خاکەلێوەی هەڵوێستی خۆی لەو بارەوە ڕابگەیەنێت.
لە لایەک دیکەش هێندێک لە ڕەخنەگرانی ئەو بڕیارە دەڵێن؛ لە ئەگەری بە تیرۆریست زانین و گەمارۆ خستنە سەر سپای پاسداران، مەترسییەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست زیاد دەکات و ئێرانیش بە فەرمی هەڕەشەی وای لە ئەمریکا کردوە.
دووساڵ لەمەوپێش کە دەنگۆی ئەو بڕیارە بڵاوکرایەوە محەممەد عەلی جەعفەری فرماندەی سپای پاسداران لە وڵامدا گوتی: لە ئەگەری ئەو هەواڵە ڕاست بێ کە ئامریکا لە هەوڵدایە سپای پاسداران بە تیرۆریست بناسێت، سپای پاسدارانیش ئەڕەتەشی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان بەتایبەتی لە ڕۆژهەلاتی ناڤین دەکاتە ئامانج.