بەپێی هەواڵێک کە لە کرماشانەوە بە دەستمان گەیشتووە، جەوهەر فەرامەرزی باوکی هاوڕێ خەلیل فەرامەرزی ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ئێستا نیشتەجێی دەرەوەی کوردستانە، بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵەیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاویی کاک جەوهەر فەرامەرزی دوای تەمەنێک ژیان بە خەمخۆری و دڵسۆزی بۆ ڕێبازی کوڕە پێشمەرگەکەی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان کۆچیدوایی کرد.
ناوبراو وەکوو زۆربەی کەسوکاری پێشمەرگەکان، بەتایبەتی لە پارێزگای کرماشان بەهۆی ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیی کوڕەکەیەوە، زۆرجار لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە تووشی گرتن و ئازار و ئەزیەت بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە سەرجەم کەسوکاری تێکۆشەرانی دێموکرات ، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکێش بە بنەماڵەی فەرامەرزی دەکاو، خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.