دایشیرۆ یاماگیوا، جێگری وه‌زیری ئابووریی ژاپۆن‌و نوێنه‌رانی ٢١ شیركه‌تی گه‌وره‌ی ئه‌م وڵاته له سه‌فه‌ری ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی خۆیاندا بۆ تاران بۆ به‌شداری‌و هاوبه‌شیی شیركه‌ته ژاپۆنییه‌کان له پڕۆژه‌كانی نهوتو گاوی ئێران و هه‌روه‌ها “گواستنه‌وه‌ی تكنۆلۆژی”دا وت‌ووێژیان كرد.
وه‌زیری ئابووریی ژاپۆن له‌م باره‌یه‌وه گوتی كه ئه‌م ٢١ شیركه‌ته گه‌وره‌یه، نوێنه‌رایه‌تیی هه‌زار شیركه‌تی داواكاری سه‌فه‌ر بۆ ئێرانیان کردوه.
بیژه‌ن زه‌نگه‌نه وه‌زیری نه‌وتی ئێرانیش هیوای خواستوه كه وڵاتی ژاپۆن بتوانێ پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان، پشك‌و پێگه‌ی پێشووی خۆی له بازاڕی وزه‌ی ئێران‌دا وه‌رگرێته‌وه.
ژاپۆن پێش گه‌مارۆكانی دژی ئێران پاش وڵاتی چین دووهه‌مین وڵاتی کڕیاری نه‌وتی ئێران بوو، هه‌روه‌ها شیركه‌ته ژاپۆنییه‌کان له پڕۆژه‌كانی نه‌وتی ئێران بۆ نموونه مه‌یدانی نه‌وتی ئازادهگاندا به‌شدار بووم. به‌م حاڵه‌ش پاش گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دژی ئێران، شیركه‌تی گه‌شه‌ی نه‌وتیی ئینپێكس كه له ساڵی ٢٠٠١ دا پڕۆژه‌ی گه‌شه‌ی مه‌یدانی نه‌وتی ئازاده‌گانی وه‌ئه‌ستۆ گرتبوو، له ساڵی ٨٩ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی وه‌لا ناو ئێرانی به‌جێهێشت.
له هه‌مان ساڵدا ده‌وڵه‌تی ژاپۆن بۆ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ چواره‌مین خولی گه‌مارۆكانی شورای ئه‌منیه‌ت دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، گه‌مارۆی ئابووریی نوێ دژی ئێرانی په‌سند كرد كه داخرانی دارایی ٨٨ شیركه‌ت، ١٥ بانك‌و ٢٤ كه‌سی ئێرانی گرته‌وه.
ئه‌م وڵاته پێش ئه‌مه‌ش ده‌ستی به‌سه‌ر سامان‌و دارایی ٧٥ شیركه‌ت و ٤١ كه‌س ئێرانیی داگرتبوو، به‌م حاڵه‌ش دایشێرو یاماگیوا، جێگری وه‌زیری ئابووریی ژاپۆن ڕۆژی یه‌كشه‌ممه هیوای خواست كه پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان “بواری نوێ” بۆ هاوكارییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته پێك بێ.