دایکی دوو شەهیدی سەرفەرازی گەلەکەمان لە ناوچەی شنۆ دوای تەمەنێک ژیان بە ڕووسووری بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێیهەواڵێک کە لە شاری شنۆوە بە دەستمان گەیشتووە ڕۆژی هەێنی ٩ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاویی دایە مریەم پیرۆت ئەقدەم ، دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی “هەمزەو غەفوور هەمزەزادە” خەڵکی تاژاندەرێی شنۆ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچیدوایی کردوە.
دایە مریەم سەرەڕای ئەوەی کە هەڵگری خەمی بەژانی ڕۆڵە کوژراوی بوو، بەڵام لەو ماوەی تەمەنیدا بە ئازایەتی ژیا و، هاندەری لاوان بوو کە ڕێگای شەهیدانی کوردستان بەر نەدەن و، ئامانجەکانیان ون نەکەن.
جێیوەبیرهێنانەوەیە شەهید هەمزە هەمزەزادە لە ساڵی ٦٢ی هەتاویی لە دەرگیرییەکدا لە سێ کانی پێوەست بوو بە کاروانی شەهیدان و، هەروەها برای دیکەی ئەو شەهیدە، بەناوی غەفوور هەمزەزادە هەر لە دەیەی ٦٠ی هەتاویی لە سەنگەری خەبات گیانی پێشکەش بە ئازادی کوردستان کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە سەرجەم دایکانی جگەرسووتاوی کوردستان، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هەمزەزاد دەکا و خۆی بەشەریک و بەشدار لە خەمیان دەزانێ.