لە کاتێکدا کە لە ٣١ پارێزگای ئێران ٢٥ پارێزگا لە گەڵ باران و سێڵاو بەرەوڕووبوونەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران ماڵ وێران و ژێر ئاو کەوتوون، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکەوتنەکانی خۆی لە دروستکردن و تاقیکردنەوەی مووشەک پێشانی خەڵکی برسی و لافاولێدراوی ئێران دەدا.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە دوێنی ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ماڵپەڕی حکوومەتی ” مێهر” بڵاوکراوەتەوە، باس لە سەرکەوتنەکانی ڕێژیمەکەی لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا دەکا لە دروستکردن و تاقیکردنەوەی ٨ مووشەکی زیرەک لەو ساڵەدا و بە یەکێک لە شانازییەکانی حکوومەت ناوی دەبا.
دروست کردن و تاقیکردنەوەی مووشەک نەک هەر هیچ سوودێکی بە خەڵکی ئێران نەگەیاندووە بەڵکوو لە دوو لاوە بۆتە هۆی نەهامەتی و برسیەتی بۆ خەڵکی ئێران. لەلایەک سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بە جێگەی ئەوەی کە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و یارمەتی و هاوکاری خەڵکی هەژار خەرج بکرێ، بۆ دروست کردنی مووشەک بەکار هاتوە و بەشێکی زۆری ئەو مووشەکانەش لە ئیختیار گرووپە تێرۆریستیەکانی حەمماس و حیزبوڵڵا نراون بۆ ئەوەی لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان بە کاریان بێنن و شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا پەرەبستێنێ. لە لایەکی تر دروستکردن و تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری جیهان و ناوچەکە و هەر بەو هۆیەوە گەمارۆ خراوەتە سەر ئێران و لە ئاکامی گەمارۆکانیشدا برسیەتی و بێکاری و گرانی ڕووی لە خەڵکی ئێران کردووە و وڵاتی لەگەڵ قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابووری بەرەوڕوو کردۆتەوە کە دەرباز بوون لەو دۆخە کارێکی سەخت و دژوارە و ڕێژیم بە جێگەی ئەوەی کە بیر لە ژیانی خەڵک بکاتەوە هەر بە دوای بەرژەوەندییە ئاژاوەگێڕیەکانی خۆیەتی و بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان هیچ هەنگاوێک هەڵناگرێ.