دوو ڕۆژ دوای ئەوەی ماوەی مەئمووریەتی “جاوید رەحمان” ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە کاروباری ئێران درێژکرایەوە، ناوەندی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامیش وەدەنگ هات و، بە توندی ڕەخنەی گرت و ئەو کارەی بە کارێکی سیاسی زانی.
لەو پێوەندییەدا جەواد لاریجانی بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی کەوتە چەواشەکاری و وێڕای ڕەخنەگرتن، ڕایگەیاند؛ کە ئێران خاوەنی پێشکەوتووترین دێموکراسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانیش”
لە بەیاننامەی ناوەندی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی کە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خاکەلێوە لە ماڵپەڕی ئەو ناوەندە بڵاوکراوەتەوە ، درێژکرانەوەی مەئمووریەتی “جاوید ڕەحمان”ی بە فێڵبازی سیاسی بە دژی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەمداوە.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا ڕەفتاری ڕاپۆڕتنێرانی مافی مرۆڤی بە دژی ئێران، بە هاندانی دژبەرانی ئەو وڵاتەی زانیوە.
پێشتریش سمایل بەقایی نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی شوڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، نیگەرانی خۆی لە درێژکردنەوەی ماوەی مەئمووریەتی ڕێپۆرتێری تایبەت بە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێرانی دەربڕی بوو.
شایانی باسە بڕیارنامەی درێژکردنەوەی مەئمووریەتی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی هەینی ٢ی خاکەلێوە لە شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسندکرا.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاویی
ناوەندی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی، دانانی ڕێپۆرتێری تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ئێرانی بە گاڵتەجاڕ زانی و، جەواد لاریجانی بەرپرسی ئەو ناوەندە بە ڕووهەڵماڵاوییەوە گوتی: ئێران لە چاو وڵاتانی جیهان خاوەنی پیشکەوتووترین سیستەمی دێموکراسییە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە ستادی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی کە گرێدراوە بە دەزگای قەزایی ئێرانەوە لە دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە بەرپرسایەتی ئەو ناوەندە بە “جەواد لاریجانی”یە
هەروەها ناوەندە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ چەندین کەڕەت ئێرانیان بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ ناساندوەو، مەحکومیان کردوە.