بارودۆخی جه‌سته‌یی محه‌ممه‌د سدیق که‌بودوه‌ند، چالاکی مافی مرۆڤ‌و سه‌رۆکی به‌ندکراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان که له زیندانی ئیڤین به‌ندکراوه، ناله‌باره.
به‌پێی زانیاریی بنه‌ماڵه‌ی که‌بودوه‌ند ئه‌و ڕۆژی چوارشه‌ممه، ١٤ ی گه‌لاوێژ به‌هۆی دابه‌زینی فشارخوێنی بووراوه‌ته‌وه. بنه‌ماڵه‌ی که‌بودوه‌ند ده‌ڵێن ئه‌و پێش له گیرانی هیچ نه‌خۆشییه‌کی نه‌بوو، به‌ڵام له‌ماوه‌ی حه‌وت مانگ ڕاگیرانی له سللوولی ئینفڕادیدا تووشی نه‌خۆشییه‌کانی گورچیله، پێست‌و ریخۆڵه بووه‌و ته‌نانه‌ت به سووکی سه‌کته‌ی مێشکیش لێیداوه.
سه‌رۆكی زیندانی ئێڤین كۆتایی مانگی ڕابردوو داوای له دادستانی تاران كردبوو كه محه‌ممه‌د سه‌دیق كه‌بوودوه‌ند به مه‌رج ئازاد بكرێ به‌ڵام دادستانی تاران داوای ناوبراوی ڕەت کردەوە.
پێشتریش په‌ریناز باغبانی، خێزانی محه‌ممه‌د سدیق که‌بودوه‌ند ده‌ڵێ مێرده‌که‌م جیا له توشبوونی به‌و نه‌خۆشییانه له به‌ندیخانه‌ش دهرمانو ده‌وای نادرێتێ‌و جیا له پێدانی ئازارشکێنی سووک هیچ گرینگییه‌کی نادرێتێ.
ئه‌و ده‌ڵێ مێرده‌که‌م که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆیه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایکردوه که‌متر له‌لایه‌ن میدیا‌و ناوه‌نده‌کانی داکۆکی له مافی مرۆڤه‌وه سه‌رنجی بدرێتێ، له حاڵێکدا سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌و نابێ هۆکاری لهبیرکردنو پشگوێخستنی ئه‌و بێ.
كه‌بوودوه‌ند له دوو حوكمی جیاجیادا یه‌كێكیان پێوه‌ندیی به دامه‌زراندنی ڕێكخراوی به‌رگریی له مافه‌كانی مرۆڤ‌و ئه‌وی دیكه‌یان پێوه‌ندیی به بڵاڤۆكی بابه‌تی حه‌وتوونامه‌ی “په‌یامی مه‌ردۆم”و نووسین له‌باره‌ی پرسەکانی كوردستانه‌وه هه‌یه كه سه‌رجه‌م به ١٠ ساڵ‌و ٦ مانگ زیندان مه‌حكوم كراوەو تا ئێستا ٨ ساڵ له حوكمه‌كه‌ی تێپه‌ڕاندوه.