ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی هەتاویی هەمایشی توێژینەوەی بەرهەمەکانی مێرزا ئەحمەدی داواشی ، بە بەشداریی بەشێک لە ئەدیبان و قەڵەمبەدەستانی پارێزگای کرماشان و سنە بەڕێوەچوو.
لە کۆی ٢٦ بەرهەم کە بۆ ئەو هەمایشە نێردرابوون، لێژنەی داوەران ١٨ بەرهەمی هەڵبژارد بۆ خوێندنەوە و، بڕیارە لە دوتۆیی کتێبێکدا لە چاپ بدرێ.
شیاوی باسە مێرزا ئەحمەد داواشی لە شاعیرانی جواننووس و ناسراوی ناوچەی ڕوانسەرە کە زیاتر لە ٢٠هەزار بەیت شێعری کوردی لەخۆی بە یادگار بەجێهێشتوەو دیوانێک لەو شاعیرەش چاپ کراوە.
لە هەمایشی مێرزا ئەحمەد داواشی چەندین کەس لە قەڵەمبەدەستان و لێکۆڵەرانی ناوچەی هەورامان و پارێزگاکانی کرماشان و سنە بەشدارییان کرد و بابەت و وتاری خۆیانیان لەو پێوەندییەدا پێشکێش کرد.
مێرزا ئەحمەد داواشی لە ساڵی ١٢٨٤ی هەتاویی لە ڕوانسەر لە دایک بووەو بەهۆی ئەوەی کە خاوەنی بەهرە و توانابووە لە باری ئەدەبییەوە لە تەمەنی ٢٠ ساڵەیدا بەرەبەرە دەست دەکاتە هۆنینەوەی شێعر و هەمووی شێعرەکانی خۆی لە هەڕەتی لاویەتییەوە تا ٧٠ ساڵەی لە بەر بووە.
ناوبراو ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویی لە ڕوانسەر کۆچیدوایی کردو بەپێی وەسیەتی خۆی لە تەنیشت مەزارگەی حەزرەتی وەیس بە خاک سپێردراوە.