دوای ئەوەی کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی شاری بۆکان داواکارییەکیان لە ژێر ناوی ناوی “دیداری تەرەغە” بۆ پێشوازی کردن لە بۆنەکانی نەورۆز بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمە لە داوینی شاخی سەربەتەمی تەرەغە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەرێوەچوو.
بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شاری بۆکان، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان و گرووپە شاخەوانییەکانی کوردستان بە ئامادەبوون لە داوێنی تەرەغە لە ئاخرین هەینی ساڵی٩٧ی هەتاویی بە شایی کردن و خوێندنەوەی سروودی “ئەی ڕەقیب” و هەڵکردنی ئاڵا و گۆرانی شۆرشگێڕانە پێشوازییان لە هاتنی نەورۆزی کوردەواری کرد.
لەو ڕێوڕەسمەدا کچ و کوڕانی نیشتمانپەروەر بە لە ملکردنی “جامەنە”و ” هەوری” هێماکانی خەبات و کەلتووری کوردەوارییان بەرزڕاگرت و سەلماندیان کە هیچ کۆسپ و لەمپەڕێک ڕێگر نییە لەسەر هەستی نەتەوایەتی و ڕۆژ بەڕۆژ لە گەشە دایە.
پێشوازی کردن لە هاتنی ساڵی نوێ و نەورۆز لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە ناوەندە ئەمنییەکان بە شێوازی جۆراوجۆر لە هەوڵدان ڕێگری بکەن و نەهێڵن ئەمساڵ بۆنەکانی نەورۆز بەرێوە بچێت.