ئەمریکا دەڵێ ئێران دەیەوێ پەرە بە هێژمونیی خۆی لە عێڕاقدا بدا و ئەم وڵاتە بکاتە پارێزگایەکی سەر بە خۆی.
برایان هۆک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بە کەناڵی (حوڕە)ی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، حکوومەتی ئێرانی گرنگی بە ژیانی خەڵکی خۆی نادا، ئەدی ئەوە چۆنە گرنگیی بە خۆشگوزەرانی خەڵکی عێراق دەدا و لە خەمی ئەم وڵاتە دایە؟ برایان هۆک پێی وایە ئێران هەوڵ دەدا عێراق بکاتە پارێزگایەکی وڵاتەکەی و رێگایەکی سەربازی بە عێراق بکاتەوە بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێژێمی سووریە.
ئەو لێدوانەی نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دوای سەردانی حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق دراوە کە سەفەرێکی سێ ڕۆژەی لە ڕۆژی دووشەممە، 20ی ڕەشەمەوە بۆ عێڕاق کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ کۆتایی بە سەردانەکەی بێنێ.