“گێرگ سالیوان” یەکێک لە ڕاوێژکارانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئێران تووشی قەیرانی دارایی بووە، نرخی کەلوپەلەکان چۆتە سەرێ و مووچەی کارمەندان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بۆتەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین میلیارد دۆلاری بۆ پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد تەرخانکردووە.
“سالیوان ” ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردوودا دراوی ئێرانی ٨٠ لە سەدی بەهاکەی لەدەستداوە، هەڵاوسان ٣٠ لە سەد و ڕاددەی بێکاری گەنجان ٢٥ لەسەد زیادی کردووە، بەڵام هەزینە سەربازییەکانی ئێران ٤٠ لە سەد زیاد بووە.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ١٦ میلیارد دۆلاری بۆ پشتیوانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد تەرخان کردووە. ناڕەزایەتییەکانی خەڵک پەرەی سەندووە و بێکاری و گرانی و نەبوونی لە ئێران، ئاکامی سیاسەتی هەڵەی ئەو ڕێژیمەن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی دەسپێکردنی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی سووریە دژی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، هەردەم پشتیوانی ئەو ڕێژیمە بووە و شان بە شانی چەکدارەکانی سپای سووریە، سپای پاسدارانیش ڕاستەوخۆ دژی خەڵکی ئەو وڵاتە و ماف و ئازادییەکانیان لە هیچ جینایەتێک خۆی نەپاراستوە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوەتە قاتڵی هەزاران کەسی بێدیفاع و ژن و پیاو و پیر و مناڵی ئەو وڵاتە. لە کاتێکدا کە ئێران لەگەڵ قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابووریی بەرەوڕوویە، خەڵکی ئێران برسی و بێکارن، لەو کاتەدا بۆ پشتیوانی لە ڕێژیمێکی جینایەتکار ١٦ میلیارد دۆلار لە داهات و قوتی خەڵکی هەژار و بێکاری ئێران تەرخان دەکا تا ئەو ڕێژیمە بەردەوامبێ لە وێرانکردنی وڵاتەکەی و قەتڵی عامی خەڵکی سووریە و ئەوەش دەبێتە هۆی بێزراوی و تەریک کەوتنەوەی زیاتری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو بیروڕای گشتی جیهانی و برسی کردنی زیاتری خەڵکی ئێران.