ئێمه وه‌ک هێزه شوناسخوازهکان هه‌رگیز ناچینه نێو هیچ پلاتفۆرمێكهوه که حاشا له مافه ڕه‌واکانی میللییهتهکانی ئێران بکا
(قسه‌کانی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی «هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و به‌رابه‌ری له ئێران»)*
دۆستانی خۆشه‌ویست!
له‌لایه‌ن ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه پیرۆزبایی به هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌ڵێم که له پێناو پێکهاتنی ئه‌م هاوپێوهندییهدا تێکۆشاون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ڕه‌وتی یه‌كگرتنی ڕێژه‌ییی ئه‌وه‌نده ڕێکخراوه‌ش له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێویستی به گفتوگۆ و هاتوچۆی زۆر بووه و ڕه‌نگه چه‌ند ساڵی پێ چووبێ تا گه‌یشتووینه ئه‌مڕۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له کاتی ڕاگه‌یاندنی ده‌سپێکی تێکۆشانی ئه‌م هاوکارییه‌دا ده‌بێ له‌به‌رچاومان بێ ئه‌وه‌یه که ئه‌مه خاڵی گه‌یشتن نییه به‌ڵکوو ته‌نیا سه‌ره‌تای کاره‌که‌یه. به له‌به‌رچاو گرتنی قورسایی ئه‌و هێزانه‌ی له‌و هاوپێوه‌ندییه دان و هه‌روه‌ها که‌یفییه‌تی لێکگهیشتننامهی نێوانمان، ئه‌م هاوپێوه‌ندییه له هه‌لومه‌رجی قه‌یراناوی و چاره‌نووسسازی ئێستای ئێران‌دا ده‌سکه‌وتێکه که ده‌توانێ کاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌باتی له‌مه‌ودوا به دژی کۆماری ئیسلامی هه‌بێ به مه‌رجێک که سازوکاری به‌کرده‌وه‌ی له هه‌موو بواره‌کاندا لێ بکه‌وێته‌وه و له فکری فراوانکردنه‌وه‌ی پێکهاته‌که‌ی و په‌ره‌پێدانی بنه‌ماکانیدا بین.
چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا سه‌رانی کۆماری ئیسلامی، چل ساڵه‌ی هاتنه‌سه‌رکاری خۆیان کرده جه‌ژن. کاتێك ئه‌وان به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن، ئه‌من تازه هاتبووومه دنیا. هه‌ربۆیه له ئینقلاب و ئه‌وه‌ی که ئه‌وده‌م گوزه‌راوه هیچم له‌بیر نییه. به‌ڵام نه‌سلی منیش باری هه‌مان ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی هه‌ڵگرت که ئینقلاب بۆ باقیی خه‌ڵکی ئێرانی به‌دواوه بوو. ئه‌وه‌ی چین و توێژه جۆربه‌جۆره‌کانی کۆمه‌ڵگەی ئێران له‌و چل ساڵه‌دا له‌ده‌ست ئه‌و ڕێژیمه چێشتوویانه بۆ هه‌موان به یه‌ک ئه‌ندازه و به یه‌ک شکڵ نه‌بووه؛ هه‌ر کام له ئێمه ئه‌و چل ساڵه ڕێگای خۆی به شێوه‌ی خۆی بڕیوه؛ ته‌نانه‌ت به‌شێک له رهنجهکانمان به‌تایبه‌تی بۆ ئێمه نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان ساختارین و له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و نیزام و ئه‌م نیزام هیچ فه‌رقی نه‌کردووه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موومان له‌وه‌دا کۆک و هاوبه‌شین که سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی درێژه‌کێشانی ڕهنجهکانمان مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامییه.
ئه‌وه که قوربانییه‌كان هه‌موویان قوربانیی هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ بن، نابێ ببێته هۆی پشتگوێخستنی جیاوازیی نێوان قوربانییه‌كان. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان وه‌ك سووڕه‌تی مه‌سه‌له‌که قبووڵ بێ، پێویسته هه‌ر ئه‌مه‌ش دووره‌دیمه‌نی داهاتوو و ڕێگاچارهکانمان بۆ دیاری بکا. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که هێشتا له نێو تهیفێكی دیاری ئۆپۆزیسیۆندا هێشتا به‌دی ده‌کرێ، به‌خۆشییه‌وه هاوپێوه‌ندییه‌ک که ئێمه دامانمه‌زراندووه هه‌ردووکی ئه‌و خاڵانه‌ی به‌دروستی ڕوون کردوونه‌وه: یه‌كه‌م ئه‌وه که ئه‌م نیزامه ئیسلاحههڵگر نییه و، هه‌رجۆره یه‌كگرتنێكی جیدی و پایه‌داری ئۆپۆزیسیۆن پێویسته بۆ تێپه‌ڕین له نیزامی ئێستا بێ؛ دووه‌م ئه‌وه که یه‌کگرتنی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای خاڵه هاوبه‌شه‌کانمانه وێڕای پاراستنی تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازییه‌كانمان.
ئه‌وه که چۆن بوو که له کۆمهڵگەیهكی زیندووی وه‌ك ئێران به ئه‌زموونێکی سه‌د ساڵه‌ی گه‌ڕان به‌دوای حاکمیه‌تی خه‌ڵكدا دیکتاتۆرییه‌کی مه‌زهه‌بی به‌و ماهییه‌ته‌وه هاته سه‌ر کار و لانیکه‌م چل ساڵیش درێژه‌ی کێشا (ده‌ڵێم لانیکه‌م چل ساڵ چونکه سه‌ره‌ڕای په‌ره‌گرتنی قه‌یرانه نێوخۆییه‌كان و ئیعترازاتی خه‌ڵك و فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان هێشتا ڕوون نییه ئه‌م ڕێژیمه که‌نگێ ده‌ڕوا)، وڵامی هه‌موو ئێمه به‌و پرسیاره که‌م و زۆر یه‌ک شته. هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ش بۆچوونمان وه‌ک یه‌که که له‌نێو هۆکارهكانی مانه‌وه‌ی ڕێژیم‌دا نه‌بوونی ئینسجام و یه‌كگرتوویی ئۆپۆزیسیۆن به جۆرێک که ببێته هۆی ئالترناتیوێكی واقیعی که بتوانێ بزووتنه‌وه‌کانی نێوخۆ به ڕێگایه‌کی ڕووندا ببا، هۆکاری هه‌ره بڕیارده‌ره. ئه‌مڕۆ هیچ به‌شێكی کۆمه‌ڵگە و هیچ تهیفێكی ئۆپۆزیسیۆن و هیچ که‌س به تاقی ته‌نیا له جێگه و پێگه‌ی ڕێبه‌ریکردنی گۆڕان یان نوێنه‌رایه‌تی کردنی هه‌موو کۆمه‌ڵگەی گۆڕانخوازی ئێران‌دا نییه. ئه‌گه‌ر که‌سێکیش به هۆکاری مێژوویی یا به هه‌ر هۆیه‌کی دیکه ئیدیعایه‌کی ئاوای هه‌بێ، ڕاست له‌به‌ر میراتێکی مێژوویی که به‌دوای خۆیدا ڕاده‌کێشێ و بۆ به‌شی به‌رچاوی خه‌ڵک له ئێران به تایبه‌تی میللییهتهکان زێهنییه‌ت و ڕابردوویه‌ک وه‌بیر ده‌خاته‌وه که گه‌ڕانه‌وه‌ی چیدیکه قبووڵ ناکرێ، هیچ شانسێكی نییه که له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه پێشوازی و پشتیوانی لێ بکرێ. جیا له‌وه که سه‌رده‌می خولانه‌وه به‌ده‌وری یه‌ک که‌س یان یه‌ك جۆر بیرکردنه‌وه‌دا به‌سه‌ر چووه و یه‌کێک له هۆکاره‌کانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕۆیی له مێژووی ئێرانیشدا هه‌ر ئه‌وه‌یه، ئینسجام و یه‌كگرتن و ئالترناتیو ته‌نیا کاتێك جێبه‌جێ ده‌بێ که ته‌یفه جیاوازه‌کانی نێو ئۆپۆزیسیۆن به‌دوور له سنووربه‌ندییه سیاسی و ئیدئۆلۆژی و مێژووییه‌کانی ڕابردوویان و به تێگه‌یشتن له بۆچوونی به‌رامبه‌ر و نیاز و پێویستییه جیاوازه‌کان یارمه‌تی به زهرفیهتسازی و ههمهلاگیریی ئالترناتیو بکه‌ن. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به دووباره‌کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک قسه‌ی جێکه‌وتووی گشتی له بواری یه‌کسانی و ههڵنهواردن که کاتی خۆی خومه‌ینیش له «نۆفل لۆشاتۆ»ش ده‌یکردن، وه‌دی نایه.
سروشتییه که ڕێککه‌وتنی هه‌ر ئێستا له‌سه‌ر هه‌موو شتێک و له‌باره‌ی هه‌موو ورده‌کارییه‌کانه‌وه مومکین نییه. ئاساییه که هه‌ر لایه‌نه‌ش ئامانج و به‌هاکانی خۆی بخاته ئه‌وله‌وییه‌تی بنه‌ماکانی یه‌كگرتن. بۆ نموونه هێزێكی چه‌پ به ئاسانی ناچێته ژێر باری پلاتفۆرمێک که به‌هاکانی عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ژێر پێ بنێ؛ یان ئێمه وه‌ک هێزه شوناسخوازهکان هه‌رگیز ناچینه نێو هیچ پلاتفۆرمێكهوه که حاشا له مافه ڕه‌واکانی میللییهتهکانی ئێران بکا، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ڕاستی نیگه‌رانی په‌رشوبڵاویی پوتانسییەڵی خه‌باتگێڕی و یه‌کگرتوویی داهاتووی خه‌ڵکانی ئێرانن ده‌بێ بزانن که له ئێرانی ئه‌مڕۆدا چ له نێوخۆی کۆمه‌ڵگەدا و چ له‌سه‌ر ئاستی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان کۆمه‌ڵێك گێتۆی سیاسی، میللییه‌تی، به‌هایی، ته‌نانه‌ت نه‌سلی و سینفی و چینایه‌تی دروست بوون که ته‌نیا به قازانجی مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ته‌واو بوون. خاڵی به‌هێزی هاوپێوهندییهکهی ئێمه که پێویسته له گفتوگۆکانی له‌مه‌ودوای نێوان خۆمان و له‌گه‌ڵ ته‌یف و ههمایشهکانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆندا زه‌قی بکه‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه که ئه‌م هاوپێوه‌ندییه هه‌روه‌ک «شووڕای دێموکراسیخوازانی ئێران» که ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر هه‌ر له‌م ئاڵمانه دامانمه‌زراند، حاڵه‌تی پردێکی پێوه‌ندی له نێوان جه‌مسه‌ر و ڕوانگه جیاوازه‌کانی هه‌یه.
رێککه‌وتننامه‌ی هاوپێوه‌ندی له زۆر له‌و مهوریدانهدا که هێشتا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌سه‌ر ئه‌وان درێژه به نالێکی و دابه‌شبوونه‌کانی خۆی ده‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئازایه‌تیی تابووشکێنی به‌خه‌رج داوه، سیاسی و سازهندهش جووڵاوه‌ته‌وه. واته فۆڕموولهکانی به جۆرێك داڕێژراون که ئیمکانی سه‌نتێز و ئاشتکردنه‌وه‌ی ڕوانگه جیاوازه‌کان ده‌هێڵێته‌وه. ئه‌من لێره‌دا ئیشاره به چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌که‌م:
یه‌که‌م شت که له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه بێگومان ده‌که‌وێته سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێکه‌وه مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ئایندهی پێکه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌كان، میللییهتهکان، گرووپه ئێتنیکه‌کان و که‌مایه‌تییه مه‌زهه‌بی و زمانییه‌کان له ئێران دایه. ئه‌مه یه‌که‌م جاره له مێژووی ئه‌و چل ساڵه‌دا که ئێئتلافێک له جه‌ریاناتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌ڕوونی باسی هه‌قی دیاریکردنی چاره‌نووس و مافی یه‌کسانی میللییهتهكانی ئێران له هه‌موو بواره‌کاندا و یه‌كیەتیی ئازادانه‌ی ئه‌وان ده‌کا و پێکه‌وه مانه‌وه‌ی ئه‌وان له نامه‌رکه‌زی و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌ی سیستمێکی دێمـوکراتیکی فێدراڵی به سروشتێکی سیاسی‌دا ده‌بینێ. هه‌موومان ده‌زانین که ئه‌وه بۆ به‌شی به‌رچاوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئێستاش قابلی قبووڵ نییه. هه‌ربۆیه پێشنیار ده‌كه‌م که هاوپێوه‌ندیی به‌شێکی سازوکاره‌کانی خۆی به کهلكوهرگرتن له زه‌رفیه‌ته سیاسی و زانستییه‌كانی به‌رده‌ستی خۆی بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له کۆمه‌ڵگەی سیاسیی ئێران‌دا ته‌رخان بکا. که‌سانێک که هێشتا گوێی بیستنی ئه‌و قسانه‌یان نییه و له ئاوازهکانیاندا ته‌نیا یه‌ك هه‌وا ده‌زانن که ئه‌ویش هه‌وای ته‌واوه‌تیی ئه‌رزی و ترسی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی ئێرانه، ده‌بێ بزانن که ئینسانه‌کان و کۆمه‌ڵگه مرۆییه‌کان له هیچ چوارچێوه‌یه‌کدا هه‌تا سه‌ر به‌زۆری پێکه‌وه ڕاناگیرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌من ئه‌وه‌م پێ باشه که لێکگهیشتننامهکهی ئێمه مافی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگەی له‌به‌رچاو گرتووه، به‌ڵام به‌بێ موبالغه ده‌توانم بڵێم که مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له‌گه‌ڵ هیچکام له پرسه‌كانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگە به‌راورد ناکرێ. هه‌لومه‌رجی چین و توێژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگە و بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به‌رهه‌می ئه‌و هه‌لومه‌رجانه هه‌میشه ده‌کرێ گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێ، ڕۆژێک سه‌رهه‌ڵ ده‌ده‌ن، گه‌شه ده‌که‌ن، ده‌گۆڕێن و سه‌ره‌نجام ڕه‌نگه ڕۆژێک له‌نێو بچن. به‌ڵام یه‌که‌یه‌کی ئێتنیکی کاتێک به پله‌یه‌ک له وشیاریی سیاسی گه‌یشت هه‌رگیز له‌نێو ناچێ یا لانیکه‌م چه‌ند سه‌د ساڵ یا ته‌نانه‌ت مه‌ودایه‌کی هه‌زار ساڵه و بگره زیاتریش ده‌کێشێ هه‌تا گۆڕانی ناسنامه‌یی به‌سه‌ردا دێ. نه‌یارانی به‌ڕه‌سمی ناسینی فرهنهتهوایهتی له به‌ستێنی گشتی و حکوومه‌تیدا ده‌بێ بزانن که له به‌رامبه‌ر واقعییه‌ته‌کانی مێژوو و کۆمه‌ڵگەی ئه‌مڕۆی ئێران‌دا ته‌نیا سێ بژارمان له‌پێشه: ١): ئاسیمیلاسیۆن (تواندنه‌وه) که هه‌روه‌ک ده‌زانن له سه‌د ساڵی ڕابردوودا له ئێران‌دا به‌کار هاتووه و سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه و قه‌تیش سه‌رکه‌وتوو نابێ؛ ٢): دێموکراسیی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی که له‌سه‌ر هه‌ر دوو کۆڵه‌که‌ی مافی هاووڵاتی و ڕێكکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌کان ڕاوه‌ستابێ؛ ٣): پێکه‌وه‌ژیانی به‌زۆریی نه‌ته‌وه‌کان له ڕێگای حکوومه‌تی ئاسنین و درێژه‌کێشانی سه‌ره‌ڕۆیی.
ئێمه هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌و بڕوبیانووانهش به‌رپه‌رچ بده‌ینه‌وه که موخالفانی فێدرالیزم له ئێران له‌و سیستمه‌ی ده‌گرن و ده‌ڵێن دۆخی ئێران وه‌ك هیچ کوێ نییه یان ئه‌وه که گۆیا فێدرالیزم په‌ره به ئاقاره‌کانی دوور که‌وتنه‌وه له ناوه‌ند و، گرژیی قه‌ومی ده‌دا. له جیهاندا زۆر وڵات هه‌یه که وه‌زعییه‌ت و پێکهاته‌ی ئێتنیکییان زۆر له هی ئێران ئاڵۆزتره و به فێدڕالیش به‌ڕێوه ده‌چن. ئه‌گه‌ر ڕاسته که فێدرالیزم ده‌رفه‌تی ئه‌وه به قه‌واره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌دا که سه‌رزه‌مین و کاروباری خۆیان به سه‌ربه‌ستی به‌ڕێوه ببه‌ن، به‌ڵام هاوکات ئه‌وان له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو وڵات و کاروباری هاوبه‌شیشدا یه‌كگرتوو ده‌کا. که‌وابوو ڕه‌خنه‌ی هه‌ڵاتن له ناوه‌ند شتێکی ڕێژه‌ییه. ئه‌گه‌ر له جێیه‌كیش گرژیی قه‌ومی هه‌یه، ئه‌وه خه‌تای لامه‌رکه‌زی و فێدرالیزم نییه.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ده‌بێ بزانێ که له غه‌یری قبووڵی ڕێگاچاره‌یه‌کی بنیاتنه‌ردا، به‌شێوه‌ی سروشتی ئاقاره ڕادیکاڵ و بهههقهکان شكڵ ده‌گرن، به‌هێز ده‌بن و درز و مه‌ودای نێوان نه‌ته‌وه‌کان به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد و باقیی کۆمه‌ڵگەی ئێران هه‌ر ڕۆژ زیاتر ده‌بێ. دۆستانی کوردم که لێره‌ن ده‌زانن که هه‌ر جار که ئێمه له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا به‌شدار ده‌بین دواتر توێژێكی گرینگی کۆمه‌ڵگەی سیاسیی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌نێو ڕووناکبیره‌کان چاودێری و لێپرسینه‌وه‌مان لێ ده‌که‌ن که ئایا به هه‌مان ئه‌و باوهڕبهخۆبوونهی له کۆڕ و کۆمه‌ڵه کوردییه‌کان و به زمانی کوردی داکۆکی له مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌كه‌ین له کۆڕ و کۆمه‌ڵه ئێرانییه‌کان و به زمانی فارسیش ئه‌و کاره ده‌که‌ین؟
لێره‌دا پێم خۆشه به کورتی باسی هێندێک لایه‌نی باشی دیکه‌ی لێکگهیشتننامهکه بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ته‌وه‌ر و هه‌وێنی کاره‌کانی داهاتوومان:
هه‌روه‌ک له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی ئیداره‌ی ترامپ و کۆنفرانسی وارشۆدا دیتمان، جۆری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كێک له بابه‌ته‌کانی جێگای ناکۆکی له نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دایه. به‌داخه‌وه به‌شێک له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی موخالفهتی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره هاوکارییه‌ک له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه به ڕوانینێکی ئه‌وه‌نده پۆست کۆلۆنیالی و دژه ئەمپریالیستی و هێندێک جاریش به ڕواڵه‌ت پاتریۆتیستی ده‌رده‌بڕێ، که قازانجه‌که‌ی یه‌كڕاست ده‌چێته گیرفانی ڕێژیمه‌وه. بێگومان خه‌ڵکی ئێران بۆخۆیان ده‌بێ ببنه هۆکاری گۆڕانکاری له ئێران نه‌ک له ڕێگای ده‌ستێوه‌ردان و ئالتێرناتیوسازی له ده‌ره‌وه‌ڕا که تازه له گۆڕێش نین. به‌ڵام ئه‌مه نابێ به مانای غافڵبوون له گرینگیی فاکته‌ری نێوده‌وڵه‌تی بێ. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ کۆماری ئیسلامی عامیلی ناوچه‌یی تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی به‌کار ببا، ده‌لیلێك نابینم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئیدیعا ده‌که‌ن ببنه ئالترناتیوی ڕێژیم و ئه‌گه‌ر سبه‌ی ڕۆژ بوونه ئالتێرناتیو ده‌بێ پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌بێ، له ترسی ته‌بلیغاتی ڕێژیم و تۆمه‌تی شه‌ڕخوازی و به‌ستراوه‌یی به بێگانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه به قازانجی خه‌ڵکی ئێران نه‌كه‌ن. له‌ڕاستیدا به‌بێ دروستکردنی پێوه‌ندی له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵك و فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان کۆماری ئیسلامی ناڕوا.
لەمەڕ شێوازه‌کانی خه‌بات، بێگومان هه‌موومان پێمان خۆشه و پێمان باشتره تێپه‌ڕین له کۆماری ئیسلامی و ڕووخانی ئه‌و ڕێژیمه له ڕێگای سیاسی و مه‌ده‌نی و به که‌مترین تێچووی ئینسانییه‌وه بێ. هه‌ر له‌و کاته‌دا «هاوپێوه‌ندی» ده‌بێ زۆر وریای ئه‌و پڕۆژانه‌ش بێ که له‌ژێر ڕواڵه‌تی گۆڕانکاریی نه‌رمدا له ڕاستیدا ده‌بنه هۆی درێژه‌کێشان و مانه‌وه‌ی نیزام. له‌لایه‌كی دیکه‌وه، به‌ڕاستی له به‌رامبه‌ر ڕێژیمێک که تا سه‌ر ئێسقان ته‌یار و چه‌کداره، ناتوانین مافی بەرگریی ڕەوا له هیچ که‌س بستێنین.
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێك پرسی وه‌ک کێشه‌ی چینایه‌تی و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی که ده‌کرا وه‌ڵامێکی ئیدئۆلۆژیکمان بۆیان هه‌بێ، ئه‌من به‌ڕاستی قه‌درزانی له‌و لایه‌نه چه‌پانه ده‌که‌م که لێره له‌گه‌ڵمانن بۆ قبووڵی ئه‌و فۆڕموولهی له‌و باره‌وه له ڕێککه‌وتننامه‌که‌دا هاتووه. ئه‌و فۆڕمووله جه‌وهه‌رێکی چهپگەرایانه و عه‌داڵه‌تخوازانه‌ی هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی سه‌رێشه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌نێوان لیبزالیزم و سۆسیالیزم_مان که جارێ کێشه‌ی ئێمه ئه‌وه نییه، بکا.
سه‌ره‌نجام لە بارەی پێوه‌ندیی نێوان هه‌مگه‌رایی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه و بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵک له نێوخۆی وڵات، ده‌بێ بزانین که ئه‌و دیواره زه‌ینی و عهینییانهی له‌و چل ساڵه‌دا له‌نێوان ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه و چالاکان و به‌گشتی خه‌ڵک له نێوخۆی وڵات دروست بوون، زیانی زۆریان به مه‌شرووعییه‌ت و ئاستی شوێندانه‌ریی ئۆپۆزیسیۆن گه‌یاندووه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، هه‌تا کاتێک مهرجهعیهتێكی سیاسی دروست نه‌بێ که ئیعترازاتی خه‌ڵک هیدایه‌ت بکا، ناڕەزیهتییهکان به هیچ کوێ ناگه‌ن. ده‌شزانین که به‌هۆی داخراوی و سه‌رکوتی ڕێژیم ئه‌م مه‌رجه‌عیه‌ته به‌زه‌حمه‌ت له نێوخۆی وڵات پێک دێ. هه‌ربۆیه زۆر زه‌رووره که هاوپێوه‌ندی له سازوکاره‌کانی به‌کرده‌وه‌ی خۆیدا ئه‌م پرسه له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی خۆی دابنێ.
سپاسی سه‌رنجتان ده‌كه‌م.
* (هانۆڤه‌ری ئاڵمان، ٢٣ی فێوریه‌ی ٢٠١٩)