ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی ,وەزارەتی دەرەوەی هولەند بۆ باس لەسەر دەرکردنی دوو کارمەندی سەفارەتی وڵاتەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، باڵویزی خۆی لە تاران بانگهێشت کردەوە.
“ئستفان بلوک” وەزیری دەرەوەی هولەند لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لە بڕیاری دەوڵەتی هولەند دەکا و دەنووسێ، ئەو بڕیارە دوای ئەوە درا کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوو کارمەندی باڵوێزخانەی هولەندی بە بیانووی شیاو نەبوون، لە وڵاتی ئێران وەدەرنا.
هەواڵدەریی فەڕانسە ناکۆکییەکانی تاران و ئامستردامی گەڕاندەوە بۆ کوشتنی دژبەرانی ڕیژیمی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە وڵاتی هولەند.
دەرکردنی ئەو دوو دیپڵۆماتە هولەندییە لە کاتێکدایە کە پێشتر دەوڵەتی هولەند لە سەر ڕاسپاردەی دەزگای زانیاری ئەو وڵاتە دوو دیپڵۆماتی ئێرانی لە وڵاتەکەی وەدەرنا. دەزگای زانیاری هولەند ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەتی ئێران دەستی لە کوشتنی دوو کەسی دژبەری ڕێژیمی ئێران هەبووە لە وڵاتی هولەند.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە لە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمەکەیدا لە وڵاتانی ئورووپایی و وڵاتانی دیکەی جیهاندا. لە کاتی بڕیاری دادگای ئاڵمان لە سەر مەحکووم کردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی تێرۆری دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی لە بێرلین، وڵاتانی ئورووپایی بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو کردەوە تێرۆریستیەی ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتانی ئورووپایی باڵوێزەکانیان لە تاران بانگهێشت کردەوە.