بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاگاداری سەفەری بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریە نەبووە و ئەوەی لەو پێوەندییەدا تا ئێستا باسکراوە، هیچ ڕاستییەکی تێدانییە.
حەوتووی ڕابردوو، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریە لە سەردانێکی لەناکاودا و دوور لە عورفی دیپڵۆماسی، لەگەڵ خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبۆوە. ئەوەی لەو کۆبوونەوەدا جێگای سەرنج بوو و مێدیاکانی بەخۆیەوە خەریک کرد، بەشداریی قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودس و دیارنەبوونی محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بوو.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی کۆبوونەوەکە، محەممەد جەوادی زەریف لە پۆستێکی ئینستاگرامی دا دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە بەرپرسایەتییەکەی ڕاگەیاند و ئەوەش کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا.
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، قاسم سلێمانی بەشداربووی ئەو دوو چاوپێکەوتنە ڕایگەیاند کە بەشداری نەکردنی زەریف دەگەڕێتەوە بۆ ناهەماهەنگی وەزارەتی دەرەوە، بەڵام بەپێی قسەکانی بەهرام قاسمی، وەزارەتی دەرەوە لەو سەفەرەی بەشار ئەسەد ئاگادار نەکراوەتەوە.
ئاگادارنەکردنەوەی زەریف بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، ناکۆکی نێوان باڵ و تەیفەکانی ڕێژیمی زیاتر کرد و ناکۆکییەکانی باشتر لە پێشوو خستە ڕوو. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، پێشتریش جەوادی زەریف بەهۆی ئەو ناکۆکییانە، بەهێند نەگرتنی وەزارەتەکەی، دەسەڵاتە بێسنوورەکانی سپای پاسدارن و دەستێوەردانەکانیان لە کاروباری وەزارەتی دەرەوەدا چەند جارێک دەست لەکا کێشاوەتەوە بەڵام لێی قبووڵنەکراوە.