بەپێی بڕیاری دەوڵەتی ئێران، ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژن، ئیبراهیم ڕەئیسی لە پۆستی سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران دەسبەکار دەبێ و جێگەی سادقی لاریجانی دەگرێتەوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی، تەمەنی ٥٩ ساڵە، بەرپرسی “ئاستانی قودسی ڕەزەوی، یەکێک لە پڕ داهاتترین ناوەندە مەزهبیەکانی سەر بە حکوومەت، جێگری دەزگای قەزایی ئێران و ئەندامی کۆڕی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی نیزامە.
ناوبراو لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە لە دەزگای قەزایی ئێراندا دەسبەکار بووە و بەرپرسایەتی جۆراوجۆری لە ئەستۆ بووە. یەکێک لە بناژۆخوازەکانە و بە هۆی ئێعدامی هەزاران زیندانییەوە، کەسێکی بێزراو و جێگەی نفڕەتی خەڵکی ئێرانە.
چاودێرانی سیاسی بۆ کاروباری ئێران، ناوبراو بە یەکێک لە جێگرەوەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناو دەبەن و، نیزیکایەتی و هاوفیکری زۆری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و سپای پاسداران هەیە.
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران کە پێشتر بە ناوی کەمپینی نێونەتەوەیی مافیمرۆڤ کاری دەکرد، لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسیویەتی: دانانی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەندامی کۆمیسیۆنی مەرگ کە حوکمی لە سێدارەدانی هەزاران زیندانی لە ساڵی ١٩٨٨ دا پەسەند کرد، وەک سەرۆکی دەزگای قەزایی، ڕەتکردنەوەی حاکمییەتی یاسا و دەستخۆشانەیە بۆ ئەو کەسانەی کە لە جینایەتی دژی مرۆڤایەتیدا دەستیان هەبووە.
هادی قائیمی سەرۆکی ئەو ناوەند گوتی: ڕەئیسی لە جیاتی ئەوەی کە ئەو بەرپرسایەتییە پێبدرێ، پێویستە دادگایی بکرێ.