ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی، کۆڕی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، لە پێوەندیی لەگەڵ پەسەندکردن یا ڕەتکردنەوەی پالێرمۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
ئەو کۆرە ٤٤ ئەندامی دایمی هەیە و هەر پێنج سال جارێک لە لایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە دیاری دەکرێن. لە کۆبوونەوەی دوێنی دا حەسەن روحانی، عەلی لاریجانی، مەحموود ئەحمەدی نژاد و ٨ ئەندامی دیکە بەشدار نەبوون و لەو کۆبوونەوەشدا زۆربەی ئەندامان دژی پەسەند کردنی گەڵالەی پالێرمۆ بوون و لە ئاکامدا کۆبوونەوەکە بۆ ساڵی تازە دواخرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا ڕەخنە لە ڕوحانی گیرا و سادقی لاریجانی سەرۆکی ئەو ناوەندە ڕایگەیاند کە قسەکانی سەرۆک کۆمار جێگەی قبووڵکردن نین و ڕەنگە هەر ئەو قسان داوێنگیری دەوڵەتەکە ئەویش ببنەوە. چەند ڕۆژ پێش ئێستا، حەسەن ڕوحانی لە پێوەندی لەگەڵ پەسەند نەکردنی گەڵاڵەی پالێرمۆدا ڕایگەیاندا کە مەجلیس و شوورای نیگابان ئەو گەڵالەیان پەسەند کردووە و خامنەییش گوتوویەتی کە هیچ دژایەتیەکم لەگەڵ پەسەند کردنی نییە، بەڵام دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لە دەست ١٠ تا٢٠ کەس دایە کە مەبەستی کۆڕی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی نیزام بوو.
گەڵاڵەی پالێرمۆ کە لە لایەن ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی پەسەند کراوە، کۆمەڵێک بەند و بڕگەی تێدایە کە وڵاتانی ئەندام دەبێ پەسەندی بکەن. دوو خاڵ لەو گەڵەڵایەدا کە لە نێو دامەزراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کێشەیان لە سەرە و بۆتە جێگەی مشتومڕی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، پێوەندی بە پارەی ڕەش و تێرۆریزمەوە هەیە کە دوو بابەتی زۆر گرینگ و هەستیارن. کۆماری ئیسلامی کە یەکێک لە سەرەکیترین پشتیوانانی تێڕۆریزمی نێودەوڵەتییە، لە کاتی پەسەند کردنی ئەو گەڵاڵەیەدا لەگەڵ گرفتی گەورە بەرەوڕوو دەبێ و ناتوانێ پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵلا و حەماس و حوسیەکان و میلیشیاکانی عێراق و سووریە و وڵاتانی تر بکات و بە پارە و سامانی گەلانی ئێران کە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بە نایاسایی و زۆر ڕێگەی نایاسایی تر وەدەستی دەکەوت ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو گرووپانە. هەر بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیگەرانە لە پەسەند کردنی ئەو گەڵاڵەیە و دەزانێ کە ڕیسەکەی لێ دەبێتەوە خوری و ڕەنجی ٤٠ ساڵەی لە سەر پێگەیاندنی گرووپە تێرۆریستییەکان بەفیڕۆ دەچی و ڕێگەی ئاژاوەگێڕی و شەڕفرۆشی لە ناوچەکە و جیهاندا لێدەگیرێ.