بە پێی هەواڵەکان بانگکران و دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە بەردەوامە.
بە پێی ڕاپۆڕتی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەرەبەری ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، دەیان کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی لە شاری سنە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگکراون.
بە پێی هەمان سەرچاوە لە ڕۆژانی ڕابردوو چەندین کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و کرێکاری لە پارێزگای سنە بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و سەبارەت بە جموجۆڵەکان لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی ژن و هەروەها بۆنەکانی نەورۆز لێپێچینەوەیان لێکراوە.
سیمین چایچی شاعیر و چالاکی مەدەنی، سەید خالێد حسێنی و موزەفەر ساڵحنیا چالاکی کرێکاری لەو کەسانەن کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانگکراون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات.
بە پێی هەمان سەرچاوە چەندین هاونیشتمانی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ چالاکی سیاسی و ژینگەپارێزی لە پارێزگای سنە دەسبەسەرکراون.
پێویست بە گوتنە کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو٦ی ڕەشەمە هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی کورکوەرەی سنە بە ناوی عەلی ئەڵاوەیسی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە چارەنووسی ناڕوونە.
لە لایەک دیکەش موختار زارعی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردوتەوە کە جیا لەوەی بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە ڕێبەری باڵای نیزام بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، لە لایەک دیکەش دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کۆبوونەوە بە دژی ڕێژیم و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سێ ساڵی دیکە زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و لە سەریەک بە ٦ ساڵ سزای زیندان مەحکووم کراوە.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردووش لە ئاوایی نێ سەر بەشاری مەریوان چەندین کەس بانگ کراون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات .