بە پێی هەواڵێک کە لە شاری پیرانشارەوە بە دەستمان گەیشتووە، کوێخا مارف دڵشاد ناسراو کوێخا قەیماس پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و کەسایەتی نیشتمانپەروەری ناوچەی پیرانشار، ڕۆژی ١٠ی ڕەشەمە ماڵاوایی لە ژیان کردوە.
ناوبرا وەکوو کەسێکی بە بیر و باوەڕ لە دەیەی چلی هەتاوی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بووەو بە هۆی لێهاتوویی و باوەڕمەندبوونی بە کوردایەتی لە کەسانی نیزیک بە ڕێبەرانی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات، بە تایبەتی شەخسی کاک ئەحمەد تەوفێق بووە.
کوێخا مارف وەکوو کەسێکی کوردپەروەر و گەلدۆست بە هۆی هەڵسوکەوتی لە نێو خەڵکی ناوچەی پیرانشار جێگای ڕێز و حوورمەت بووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای رێز گرتن لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی کوردستان، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزی کوێخا مارف دەکا و خۆی بە شەریک و بەشدار لە خەمیان دەزانێ.