بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، رۆژی ٨ی ڕەشەمە مام عەلی ڕەحمانی باوکی کاک عوسمان ڕەحمان پێشمەرگەی ئازا و دێرینی حیزبی دێموکرات ، خەڵکی ئاوایی کونە ورچەی سەردەشت لە تەمەنی ٨٠ ساڵەیدا لە شاری بانە بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە گوتەی ناسیاوانی مام عەلی ڕەحمانی جیا لەوەی کە خۆی پیاوێكی دێموکراتپەروەر و گەلدۆست بوو، بنەماڵەکەشی خزمەتی زۆریان بە تێکۆشەرانی دێموکرات کردوە.
ماڵی مام عەلی هەمووکات شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی ناوچەی سەردەشت و بانە بووەو لەو پێناوەشدا گەلێک ناخۆشی و ئازاری چێشت.
ساڵی ٦٤ی هەتاویی دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە بە هاوکاری کەسانێک وەکوو مام ڕەحمان شکستی بە هێزی داگیرکەر هێناو، لەو شەڕەدا چەکوچۆڵی زۆر بە نەسیبی هێزی پێشمەرگە بوو، ڕێژیم بۆ ماوەی ٢مانگ مام عەلی بە تاوانی پشتیوانی کردن لە تێکۆشەرانی دێموکرات دەسبەسەر کرد و لە سیاچاڵەکاندا ئەشکەنجە کرا.
شیاوی باسە مام عەلی و بنەماڵەکەی لە تاو ئازار و ئەزیەتی بەکرێگیروانی ڕێژیم زێدی خۆیانیان بە جێهێشت و ڕوویان لە شاری بانە کرد، بەڵام ناوبراو هەتا دوا هەناسەی ژیانی بە حیزب دێموکرات و ئامانجی شەهیدان وەفادار مایەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە بنەماڵەی سەرجەم پێشمەرگەکانی دێموکرات ، پرسە وسەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزی مام عەلی ڕەحمانی بەتایبەتی کاک عوسمان ڕەحمانی پێشمەرگەی ئازا و بەڕابردووی حیزبی دێموکرات دەکا و هیوای سەرفەرازی و سەرکەوتنیان بۆ ئاواتەخوازە.