ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی، لە پێوەندیی لەگەڵ زیندانیکردنی ٨ کەس لە چالاکانی ژینگە پارێزیی کە زیاتر لە ساڵێکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان، ٢٦ ئەندام پارلەمانی ئورووپا لە نامەیەکدا بۆ حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران داوایانکردوە کە بێ مەرج و فەوری ئەو بەندییانە ئازاد بکەن و لە نامەکەدا نیگەرانی خۆیان لە سەر پێشێلکردنی مافی ئەو ٨ زیندانییە دەربڕیوە.
لەو نامەیەدا ئاماژە بە نامەی بنەماڵەی کاوس سەید ئیمامی کراوە کە لە زیندان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا. ناوبراو مامۆستای زانکۆ بوو کە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦دا دوو حەوتوو دوای دەسبەسەرکرانی گیانی لەدەست دا و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە ناوبراو لە زیندان دا خۆی کوشتوە.
ماوەی ساڵێکە ٨ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزیی بە ناوەکانی هومەن جووکار، سپیدە کاشانی، نیلوفەر بیانی، ئەمیر حوسێن خالقی، سام ڕەجەبی، تاهیر قەدیریان، مراد تاهباز و ڕەزا کوهپایە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دان.
لە نامەی ئەندام پارلەمانەکانی ئورووپایی دا هاتوە کە ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ژینگە پارێزان بە ناڕاست لە قەلەم دراون و کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی کە دروانە پاڵ ئەو ژینگەپارێزانە، هیچ بەڵگەیەکی جێگەی باوەڕیان لەبەر دەست دا نییە.