ڕۆژنامەی قانوون کە لە ئێران دەردەچێت، بە هۆی نووسینی تیترێک لەسەر وێنەی بەشار ئەسەد و خامنەیی لە ژێر ناوی” مێوانی ناوەخت” بە حوکمی دادسەرای فەرهەنگ و میدیاکان داخرا.
پێویستە بگوترێ کە دوای سەردانی بەشار ئەسەد لە تاران و ئاگادار نەکردنەوەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، محەممەد جەواد زەریف دەستی لەکارکێشایەوەو، کاردانەوەکان لەو بارەوە درێژەی هەیە.
هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی محەممە جەواد زەریف وەزیری دەروەی دەوڵەتی ڕووحانی لەم کات و ساتەدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
حەمید ڕسائی نوێنەری ئیسفەهان دەستلەکاركێشانەوەی جەواد زەریف لە کاتی سەردانی بەشار ئەسەد بە خەیانەت زانی و، داوای کردوە کە دادگایی بکرێت.
دەنگدانەوەی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی زەریف لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا باس لە ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی وڵات دەکا.
ڕۆژنامەی “عەسر ئێرانیان” دەست لەکارکێشانەوەی “جەواد زەریف”ی بە هەڵات بە شەو و، خۆدزینەوە لە وڵامدانەوە لە هەمبەر کێشە و گرفتەکانی نێوخۆی وڵات لە قەڵەم داوە.
رۆژنامەی “ئافتاب ئیقتسادی” لە بابەتێکدا بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردوە کە وەزیری دەرەوەی ئێران توانای ئەو هەموو گوشارەی نەما بوو بۆیە زیاتر لە ١٣ جار باسی لە دەستلەکارکێشانەوە کردوە.
هەروەها رۆژنامەی “وطن امروز” کابینەی دەوڵەتی ڕووحانی و پەیتاپەیتا دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی بە “گەمەی منداڵانە” باس کردوە.
شیاوی باسە حەسەن ڕووحانی ئەمڕۆ ٨ی ڕەشەمە بە نووسینی نامەیەک بۆ جەواد زەریف دەست لەکارکێشانەوەکەی قبووڵ نەکرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە دوو وەزیری دیکەی دەوڵەتی ڕووحانی و چەند دیپلۆماتێکی دیکەی ئێرانی دەیانهەوێ دەستلەکار بكێشنەوە.