شووڕای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران سەرلەنوێ داوای لە مامۆستایان کردوە کە مان بگرن.
شووڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان بە دەرکردنی بانگەوازێک لە سەرجەم مامۆستایانی ئێران داوای کردوە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت جێبەجێ نەکردنی داواکاریی مامۆستایان، سەر لەنوێ لە رۆژانی ١٢و ١٣و ١٤ی ڕەشەمە مامۆستایان مان بگرن و لە ڕویشتن بۆ پۆلی وانەگوتنەوە خۆ ببوێرن.
لە تازەترین بانگەوازی شووڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستیاندا هاتووە؛
دوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی مامۆستایان لە مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەر ٩٧ی هەتاویی شووڕای هاوئاهەنگیی سینفیی فەرهەنگیان سەرەڕای ئەزموونی تاڵی ساڵانی پیشوو بەڵام سەرلەنوێ هەوڵیدا لە ڕێگا گفتوگۆ کردن و دانیشتن لەگەڵ ناوەندە دەسەڵاتدارەکان کێشەکان چارە سەر بکا، بەڵام لە دوایین چاوپێکەوتنی بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیس و هەیئەتێک پێکهاتوو لە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕۆژی ١ی ڕەشەمە دەرکەوت کە پەروەردەو ڕاهێنان وەکوو جاران بایەخ و گرنگی پێویستی پێنادەن و، بە ئەنقەست لە هەمبەر گرفت و کێشەکانی سەر رێی مامۆستایان و فەرهەنگیان خەمساردن.
لە درێژەی بانگەوازی شووڕای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکان بۆ مانگرتنی مامۆستایان داواکاری مامۆستایانی لە ٦ خاڵدا گەڵاڵە کراوە.
لەو شەش خاڵەدا باس لە کرانەوەی کەشی سیاسی لە قوتابخانەکان و سڕینەوەی نیگا ئەمنیەتی و داوای ئازادکرانی سەرجەم چالاکانی سینفیی مامۆستایان کراوەو هەروەها گرینگی دان بە دۆخی قوتابخانە و خوێندنگەکان و بژیوی مامۆستایان یەکێک دیکە لە داواکارییەکانی شووڕای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێرانە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە لە مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەری ئەمساڵ مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ مانیان گرت.