دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، زۆربەی میدیاکان ڕووماڵی ئەو هەواڵەیان کرد و ئەگەرچی هێشتا داواکارییەکەی جەواد زەریف لە لایەن سەرۆککۆمارەوە قەبووڵ نەکراوە بەڵام کاردانەوەکان لەو بارەوە بەردەوامن.
لە یەکەم هەڵوێستی دەوڵەتی تڕامپ لەو بارەوە رایگەیاند کە دەست لە کارکێشانەوەی جەواد زەریف ئەگەرش بە ئەنجام بگات، هیچ گۆڕانێک لە سەر سیاسەتەکانی ئامریکا بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی دانانێ.
لەو پێوەندییەدا مایک پۆمپێئو وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند؛ ئاگاداری هەواڵی دەست لە کاركێشانەوەی “محەممەد جەواد زەریف” ین، بەڵام ئەو و لە گەڵ حەسەن روحانی ڕواڵەتێکی ڕازاوە لە مافیاییەکی دینی و گەندەڵن و قسەی کۆتایی لەو وڵاتەدا خامنەیی دەیکات. دەوڵەتی تاران دەبێ ڕێز لە خەڵکی خۆی بگرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا زۆربەی ڕۆژنامەکانی جیهان هەواڵی دەست لە کارکێشانەوەی “جەواد زەریف”یان کرد بە مانشێتی خۆیان.
رۆژنامەیەکی ئیسراییلی لەو بارەوە نووسیویەتی؛ دوای جەواد زەریف کێ لە جێگای ئەو درۆ دەکات؟
لە نێوخۆی وڵاتیش هەتادێ کاردانەوەکان زیاتر دەبێت و ١٥٠ نوێنەری مەجلیس پشتیوانیان لە جەواد زەریف کردوە بەڵام باڵی بناژۆخواز جەواد زەریف و تیمی دیپلۆماسی ئێران بە شکستخواردو دەزانن و لەو بارەوە حەمید ڕەسائی نوێنەری بناژۆخوازی شاری ئیسفەهان ڕایگەیاند؛ کەسێک کە لە ئامریکا خوێندکار بووەو لە هەوڵی دانیشتن لە گەڵ ئامریکایەو ئیستاش کە لە کاتی ڕێککەوتنی “محوری مقاومت” (دیداری بەشار ئەسەد و خامنەیی) دەستی لە کارکشاوەتەوە دەبێ دەزگای قەزایی لێپێچینەوەی لێبکا.