له رۆژه‌کانی ٢٣ و ٢٤ی فێوریه‌ی ٢٠١٩، هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌كسانی له ئێران که له ئه‌نجامی لێکگه‌یشتن و هاوکاریی ده رێکخراوی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی پێک هاتووه، ده‌سپێکی کار و تێکۆشانی خۆی به ره‌سمی راگه‌یاند.
رێوڕه‌سمی راگه‌یاندنی ره‌سمیی ده‌سپێکی هاوکاریی ئه‌و ده رێکخراوه له چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوپێوه‌ندییه نوێیه‌دا رۆژی ٢٣ی فێوریه له ساڵۆنێکی هانۆڤه‌ر که به دروشمی کوردی و فارسی و عه‌ره‌بی و تورکی و به‌لووچی و چه‌ند زمانێکی بیانی رازابۆوه و سروودی شۆڕشگێریی به زمانی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران تێدا بڵاو ده‌بۆوه، به‌ڕێوه چوو. له سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌که‌دا که سه‌دان که‌س له چالاکانی سیاسیی نیشته‌جێی ئاڵمان و وڵاتانی دیکه‌ی ئورووپا به‌شداری بوون، دوو که‌س به نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ر کام له ده رێکخراوه‌که به زمانی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان به‌خێرهاتنی به‌شدارانیان کرد و ئاره‌زووی سه‌رکه‌وتنیان بۆ گردبوونه‌وه‌که خواست. دواتر بۆ رێزگرتن له شه‌هیدانی رێگای ئازادی و دێموکڕاسی خوله‌کێک بێده‌نگی راگیرا.
پاش په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ناو و لۆگۆی هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌کسانی له ئێران و وه‌بیرخستنه‌وه‌ی کورته مێژوویه‌کی کار و هه‌وڵه‌کانی دامه‌زراندنی ئه‌و هاوپێوه‌ندییه له‌لایه‌ن ره‌ئوف که‌عبی و شاهۆ حوسێنییهوه، به‌رپرسی هه‌یئه‌ته‌کانی هه‌ر کام له ده حیزب و رێکخراوه سیاسییه‌که‌ی ئه‌ندام له‌و هاوپێوهندییهدا وتاری لایه‌نه‌کانیان پێشکه‌ش کرد.
هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌و رێوڕه‌سمه‌دا به سه‌رپه‌رستیی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتیی حیزب و له هه‌ریه‌ک له خالید حه‌سه‌نپور به‌رپرسی پێوه‌ندییه ئێرانییه‌کان و مه‌ولود سواره ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب و سوڵتان گوڵاوی به‌رپرسی کۆمیته‌ی حیزب له ئاڵمان پێک هاتبوو.
ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له وتاره‌که‌ی خۆیدا بۆ ئه‌م کۆبوونه‌وه به‌رینه له‌پێشدا وێڕای ده‌سخۆشی له‌و که‌سانه‌ی بۆ پێکهێنانی ئه‌و یه‌كگرتنه‌ی هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تێکۆشاون، ئیشاره‌ی به گرینگیی ئه‌و یه‌كگرتنه له هه‌لومه‌رجی ئێستای ئێران‌دا کرد و به‌رده‌وامی و سه‌رکه‌وتنی هاوپه‌یمانییه‌که‌ی به‌وه به‌سته‌وه که هاوپێوه‌ندی پێکهاته‌ی خۆی فراوانتر بکاته‌وه و سازوکاری به‌کرده‌وه بۆ جێخستنی بنه‌ماکانی و وه‌سڵ بوونه‌وه‌ی زیاتر به خه‌باتی خه‌ڵک له نێوخۆی ئێران‌دا لێ بکه‌وێته‌وه.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له به‌شێکی دیکه له قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له ئێران‌دا هه‌موو چین و توێژه‌کان قوربانیی هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ و سه‌رکوتکه‌ری کۆماری ئیسلامیین، به‌ڵام شێوه و ئه‌ندازه‌ی قوربانی بوونی هه‌مووان وهکیهک نه‌بووه. هه‌ربۆیه پێویسته ئۆپۆزیسیۆنی بۆ تێپه‌ڕین و کۆتایی هێنان به سه‌رچاوه‌ی هاوبه‌شی نه‌هامه‌تییه‌کان که کۆماری ئیسلامییه و له‌سه‌ر بنه‌مای روانینه هاوبه‌شه‌کان یه‌ك بگرێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی فرهچهشنییهكان و جیاوازیی دۆخی تایبه‌تیی هه‌رکام له چین و توێژ و پێکهاته‌کانی ئێران له‌بیر بکا. له‌و پێوه‌ندییه‌شدا د. ئاسۆ ئیشاره‌ی به‌وه کرد که رێککه‌وتنی هاوپێوهندییهکه سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ی که هێشتا بابه‌تی دابه‌شبوون و ناته‌بایی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیین له‌گه‌ڵ ئه‌وه که هه‌ڵبژاردنه‌کانی روون و ئازایانه‌ن، به‌شێوازێکی کراوه و سیاسی و گشتگیریش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کۆی پرسه‌کان کردووه. بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جێگری سکرتێری گشتیی حیزب ئاماژه‌ی به دانپێدانانی هه‌ره راشکاو و به‌جێ به وه‌دێهێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تیی پێکهاته‌کانی ئێران کرد و هێندێک پێشنیار و رێکاری بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دژایه‌تیی به‌شه‌كانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران له‌گه‌ڵ فیدرالیزم و مافی نه‌ته‌وه‌کان خسته‌ڕوو.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له کۆتایی قسه‌کانیدا هه‌روه‌ها ئیشاره‌ی به پێویستیی یه‌کخستن و پوخت کردنه‌وه‌ی روانینی هێزه‌کانی خوازیاری نه‌مانی کۆماری ئسیلامی بۆ کۆمه‌ڵێک پرسی دیکه‌ی وه‌ك شێوازی خه‌بات، فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی، پرسه‌كانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا و چۆنیه‌تیی دروستکردنی پێوه‌ندی له‌نێوان ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه و خه‌باتی خه‌ڵک له نێوخۆی ئێران کرد.
به‌شی دواتری ڕێوڕه‌سمه‌که بۆ به‌رنامه‌یه‌کی هونه‌ری پێکهاتوو له چه‌ند پارچه شێعری سیاسی و موزیکی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ته‌رخان کرابوو.
ئینجا په‌یامه‌کانی گه‌یشتوو به‌و رێوڕه‌سمه له‌لایه‌ن پێشکه‌شکارانی به‌رنامه‌که‌وه خوێندرانه‌وه. پاشان ده‌رفه‌ت درا به به‌شێک له میوانه‌کانی رێوڕه‌سمه‌که که کاک عه‌زیز ماملێ که‌سایه‌تیی کوردی دانیشتووی فه‌ڕانسه یه‌کێک له‌وان بوو که دید و بۆچوونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌و هاوپێوه‌ندییه نوێیه‌ی هێزه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی بخه‌نه روو.
له به‌شی کۆتایی رێوڕه‌سمه‌که‌دا بڕیارنامه‌ی هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌کسانی له ئێران له‌لایه‌ن یه‌کێک له به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌رنامه‌که‌وه خوێندرایه‌وه. له‌و بڕیارنامه‌یه‌دا وێڕای ئاماژه به چل ساڵ حاکمیه‌تی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی کۆماری ئیسلامی و خه‌بات و خۆڕاگریی خه‌ڵک له به‌رامبه‌ر ئه‌و رێژیمه‌دا، پێویستیی یه‌کگرتنی هێزه گۆڕانخوازه‌کانی ئێران له‌و هه‌لومه‌رجه چاره‌نووسسازه وه‌بیر هێنابۆوه. بڕیارنامه‌که هه‌روه‌ها وێرای ئاماژه به گرینگ‌ترین ته‌وه‌ره‌كانی رێککه‌وتنی ده رێکخراوی سیاسیی کورد و ئێرانی به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به دێموکڕاسی و کۆماری بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و جیایی دین له ده‌وڵه‌ت و فیدرالیزمی نه‌ته‌وایه‌تی، هه‌ڵوێستی خۆی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دژایه‌تیی سیاسه‌تی شه‌ڕخوازی و ده‌ستێوه‌ردانی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا و پێویستیی یه‌کخستنی هێز و پۆتانسیه‌لی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران بۆ کۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی راگه‌یاندبوو.
له درێژه‌ی کاره‌کانی پێوه‌ندیدار به ده‌سپێکی چالاکیی هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌کسانی له ئێران، رۆژی ٢٤ی فێوریه کۆبوونه‌وه‌یه‌ک به به‌شداریی هه‌یئه‌ته‌کانی نوێنه‌ری ده حیزب و رێکخراوه‌که‌ی ئه‌ندام له‌و هاوپێوهندییهدا به‌ڕێوه چوو. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندنی گردبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنی ده‌سپێکی تێکۆشانی هاوپێوه‌ندی، به‌رنامه‌ڕێژی بۆ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و هاوپێوه‌ندییه و پلانی کار و چالاکییه‌کانی له‌مه‌ودوای کرا.
جێگای وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه که هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌کسانی له ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای رێککه‌وتنێک که له مانگی نۆڤامبری رابردوودا بڵاو کرایه‌وه پێک هاتووه. رێکخراوه‌کانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م هاپێوهندییه بریتیین له حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی هاوپێوه‌ندیی دێموکراتیکی ئه‌هواز، حیزبی خه‌ڵکی به‌لووچستان، یه‌کگرتنی دێموکڕاتیکی ئازه‌ربایجان- بێرلیک، ئیتحادی فه‌دائیانی خه‌ڵکی ئێران، شووڕای کاتیی سۆسیالستهکانی چه‌پی ئێران، بزوتنه‌وه‌ی کۆماریخوازانی دێموکڕات.