سەرەڕای بەربەستەکانی سەر ڕێی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە شاری قوروە، توانیان ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە لەو شارە هەستیارەدا بەڕێوەببەن.
لەو ڕێوڕەسمەدا بۆ پتەوکردنی هەستی نەتەوەیی و هەروەها پێکەوە ژیانی گەلانی دیکە لە شاری قوروەو دوروبەری ئەو شارە، تڕاکت بە سێ زمانی کوردی و تورکی و فارسی ئامادە کرابوو، کە بە مەبەستی وەبیرهێنانەوەی مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی لە نێو ئامادەبووان بڵاوکرایەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی هاونیشتمانییەکی قوروەیی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە لە یەکێک لە هۆڵەکانی ئەو شارە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە هاونیشتمانیان و چالاکانی مەدەنیی شاری قوروە، ڕێوڕەسمی تایبەت بە زمانی دایک و گرینگایەتیی پرسی زمانی دایک بەڕێوەچوو.
تابلۆی جوانی ئەو ڕێوڕەسمە خوێندنی سروودی خوایە وەتن ئاواکەی لە لایەن پۆلێک لە کیژۆڵەکان بوو، کە لە لایەن ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
کچ و کوڕانی کوردی پۆش و کوردی نووس بە جلوبەرگی کوردی و، وشەی کوردی مەراسمەکەیان زیاتر ڕازاندوە.
خوێندنی گۆرانی کوردی و شێعر و بابەتی پێوەندیدار بە پرسی زمانی دایک، لە بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوو.
شیاوی باسە بە هۆی هەستیاربوونی شاری قوروە لە باری هەڵکەوتووی جوغرافیای و سیاسییەوە، ناوەندە ئەمنییەکان زیاتر کۆسپ لە سەر رێی چالاکان و کەسانی نیشتمانپەروەر ساز دەکەن و تێچووی چالاکییە مەدەنییەکان لە شاری قوروە بە نیسبەت شارەکانی دیکەی کوردستان زیاترە، بەڵام چەند ساڵێکە دڵسۆزانی گەل و نیشتمان بوێرانە و ژیرانە لەو شارەدا درێژەی بە چالاکییە مەدەنییەکان دەدەن و، بەکردنەوەی خولی فێرکردنی زمانی کوردی و، بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوە نەتەوەییەکان ، پەرە بە هەستی کوردایەتی دەدەن.