ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی، خانەنشینان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر دۆخی نالەباری ژیان و ئابووری لەم مانگانەی دواییدا و پێنەدانی مووچە، بۆ جارێکیتر چوونە بەر دەرگای باڵەخانەی مەجلیسی ئێران.
خۆپێشاندەران ناڕەزایەتی خۆیان لەپێوەندیی لەگەڵ دۆخی نالەباری ژیان، وڵام نەدانەوە بە داواکارییەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەبەر دەرگای مەجلیسی ئێران بەرەو ناوەندی سازمانی بەرنامە و بوودجە وەڕێخست.
ناڕازیان کۆمەڵیک دروشمیان بەرز کردبۆوە کە باسی لە نابەرابەری، نەبوونی، زوڵم و ستەم، جیاوازیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکرد و بە دروشمی ئازادی بۆ مامۆستایان و کرێکارانی زیندانیی ناڕەزایەتیەکانیان درێژە پێدا.
خانەنشینان لەم ساڵانەی دواییدا لە لایەن حکوومەتەوە مووچەیان پێنادرێ و ڕۆژبەڕۆژ دۆخی ژیانیان بەرەو خراپی دەچێ.
سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتیوانی لە تێرۆریزم، ئاژاوەگێڕیی لە جیهاندا، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گەندەڵیی و نەبوونی مودیرییەت ئەو ڕێژیمەی لەگەڵ قەیرانی گەورە و چارەسەرنەکراو بەرەوڕوو کردۆتەوە. نەبوونی، برسیەتی و گرانی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و ڕۆژانە خەڵک دەڕژێنە سەر شەقامەکان و لەبەردەم ئیداراتی دەوڵەتی دا ناڕەزایەتیەکانیان بەرەوڕووی کاربەدەستانی حکوومەت دەکەنەوە و داوای مافەکانیان دەکەن. کاربەدەستانی ڕێژیم کە توانای وەڵامدانەوەیان بە ویست و داخوازییەکانی خەڵک نییە، پەنا دەبەنە بەر هێز و توندوتیژی و خەڵکی ناڕازی دەگرن و ڕەوانەی زیندان و ئەشکەنجەگاکانیان دەکەن. دۆخی ژیانی خەڵک هەر بەرەو خراپی دەچێ و گەمارۆکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ڕێژیمی ئێران دەخەنە مەترسییەوە و کاربەدەستانیش بەفریودانی خەڵک و زەبروزەنگ دەیانهەوی خەڵک سەرکوت و بێدەنگ بکەن هەتا بتوانن درێژە بە حاکمییەتی پڕ لە جینایەت و گەندەڵیی خۆیان بدەن.