کاربەدەستێکی پلەبەرزی دەوڵەتی ئەمریکا لە پیوەندیی لەگەڵ میکانیزمی دارایی ڕەخنەی لە بڕیاری ئورووپا گرت و ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارە بەجێی ئەوەی کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێراندا بێ، لە بەرژەوەندیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە بۆ پشتیوانیی لە تێرۆریزم.
“سیگال مەندلکر” جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لە بابەتێکدا کە لە بڵاوکراوەی “هیل” بڵاو کرایەوە، وێرای ڕەخنە گرتن لە میکانیزمی دارایی ئورووپا گوتی: من وەک جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە پێوەندیی لەگەڵ مژاری تێرۆریزم و زانیاریی دارایی دەتوانم بڵێم کە کار کردنی ئورووپاییەکان لەگەڵ بانکی ناوندیی یا هەر بەشێکی دیکەی ڕیژیم سەرناگرێ.
ناوبراو لە نووسراوەکەی دا ئاماژە بەوە دەکا کە ئەو میکانیزمە بۆ ئورووپا کارێکی ئەستەمە و بانک و کۆمپانیا جیهانییەکان باش لەوە ئاگادارن کە بازرگانی لەگەڵ ئیران لەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا ناتەبایە و هەر بۆیە کۆمپانیا ئورووپاییەکان یەک لە دوای یەک پێوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران دەپسێنن.
“سیگال” لە درێژەی بابەتەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی میلیاردها دۆلار پارەی داوە بە گرووپە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا و حەماس و حکوومەتی بەشار ئەسەد، گوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ئەسڵی ترین پشتیوانی تێروۆریزم لە جیهاندا، پشتیوانیکردنی لە تێرۆریستەکان و ڕێژیمە ستەمکارەکان بەلاوە گرینگترە تا خەڵکی ئێران.
ناوبراو لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێ: نزیک بە ٣ ساڵە کە بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن ستانداردەکانی ( ئێف ئەی تی ئێف) کە پێوەندیی بە سپی کردنەوەی پارە و پشتیوانیی لە تێرۆریزمەوە هەیە، جێبەجی دەکەن بەڵام تا ئێستا لەو بارەوە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتوە. راستبێژی داریی ئێران لە خاڵی سیفر دایە و سپای پاسداران و سپای قودس لایەنی مامەڵەی ئورووپاییەکانن کە داهاتی ئێران دەخەنە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆیان و پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم.
سیگال لە کۆتاییدا هەڕەشە لەو لایەن و بانک و کۆمپانیایانە دەکا کە دەیانهەوێ گەمارۆکانی ئێران پێشێل بکەن و دەڵێ ئەوانە دەکەونە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا و لە ئاڵووێری بازرگانی لە گەڵ ئەمریکا بێبەش دەکرێن.