لە درێژەی چالاکییەکان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە دوو قوتابخانەی بۆکان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی لەکستان و کرماشان خولێکی تایبەت بە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی لە ژێرناوی “کرماشان دڵی کوردستانە” کرایەوە.
دوو مامۆستای دەروەست و نیشتمانپەروە لە شاری بۆکان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە پۆلی وانە گوتنەوە باسیان لە گرینگی زاراوەکانی زمانی کوردی کرد و سەبارەت بە زاراوەکانی خوارەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نموونە زاراوەی لەکی بۆ قوتابیان قسەیان کرد.
ئەو چالاکییە نمادینە کە لە لایەن دوو مامۆستای بۆکانییەوە بەڕێوەچوو، هەڵگری پەیامی یەکریزی و یەکگرتووی گەلی کورد بوو، کە لەوەها یادێکدا زیاتر هەوڵ بدەن سەرجەم زاراوەکانی زمانی کوردی بپارێزن و ڕێز لە فرەچەشنی کوردستان بگرن.
شیاوی باسە ئەمساڵ چالاکییەکان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، گەرم وگوڕتر بەڕێوەچوو و بە پێی هەواڵەکان هیشتا هەر بەردەوامە.