مەنسوور غوڵامی وەزیری زانستی ئێران ڕایگەیاندووە کە هەردوو زانستگای “سەنعەتی شەریف و بەهەشتی “بە هۆی بەدگۆمانیەوە چوونەتە ڕێزی گەمارۆکانی وڵاتانی بیانییەوە”.
هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) لە زاری “مەنسوور غوڵامی”یەوە بڵاوی کردۆتەوە: “ئێمە له ئێستادا خەریکی دیالۆگین بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەر هەردوو زانستگای بەهەشتی و سەنعەتی شەریف و هیوادارین هەرچێ زووتر ئەو گەمارۆوانە لابدرێن.”
ناوبراو وتیشی: له ئێستادا هەر دوو زانستگای سەنعەتی شەریف و بەهەشتی بەهۆی بەدگومانییەکانەوە گەمارۆیان خراوتە سەر و بەهیواین گەمارۆی زانستگاکانی ئێران لە لایەن وڵاتانی بیانییەوە کۆتایی پێ بهێنرێت.
وەزیری زانست و تێکنۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی ئێران زیادیشی کرد: “لە دوایین سەردانمدا بۆ ئورووپا وێڕای بەشداریی لە سێهەمین کۆبوونەوەی لێژنەی تایبەتی هاوکاری زانستی و تێکنۆلۆژی نێوان کوماری ئیسلامیی ئێران و یەکیەتیی ئورووپا لەو بارەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئورووپایی گفتوگۆم کرد و ئاماژەم بەوەدا کە زانستگاکانی ئێمە تەنیا چالاکی زانستی دەکەن وێڕای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەرنامەی درووست کردنی چەکی هەستەیی نییە.
ئەو دوو زانستگایە لە لایەن وڵاتانی ئورووپایییەوە بەوە تاوانبارن کە بۆ بەرنامەی ناوکی ئێران و ساز کردنی چەکی ئەتۆمی زانیاریی کۆدەکەنەوە.