حسین زوڵفەقاری جێگری ئەمنی و ئینتزامی وەزارەتی نێوخۆی ئێران ڕۆژی چوارشەممە یەکەمی ڕەشەمە بە هەواڵدەریی ئیسنای ڕاگەیاند: “هەوڵەکانی پاکستان بۆ بەرەنگاری لەگەڵ تیرۆریستەکان لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی ئێمەدا نەبووە.”
ئەوە لێدوانەی زوڵفەقاری له کاتێکدایه کە سپای پاسداران ڕۆژی دووشەممە 29 ی ڕێبەندان ڕایگەیاندبوو کە ڕێکخەرانی هێرشە خۆکوژیەکەی سەر پاسی هەڵگری ئەندامانی سپای پاسداران له سیستان و بەلووچستانیان دەستبەسەر کردووە.
محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەوینی سپای پاسدارانی ئێران ڕۆژێک پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە وتی: ڕێکخەری هێرشەکە کەسێکی پاکستانی بووە و کەسێکی تری هەڵگڕی ڕەگەزنامەی پاکستانی لەو گرووپەدا بووە.
لە تەقینەوەی ڕۆژی 24ی ڕێبەندان ئوتوبۆسی هەڵگری ئەندامانی سپای پاسدارانی ئێران له ڕێگای خاش_زاهێدان 27 ئەندامی سپا کوژران.
زوڵفەقاری وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە کەسێکی خاوەنی ڕەگەزنامەی پاکستانی ئەو هێرشەی ئەنجام داوە، وتی: “هەوڵەکانی پاکستان بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان هێشتا وەک پێویست نەبووە و نیە لە ئاستی چاوەڕوان کراودا”.
تەنیا پێنج ڕۆژ پاش هێرش بۆ سەر ئوتوبۆسی سپای پاسداران له بەلووچستانی ئێران، شەش سەربازی پاکستانی بەهۆی هێرشێکی چەکداری له ئەیالەتی بەلووچستانی پاکستان کوژران.
بەرپرسانی حکوومەتی و نیزامی ئێران پاش تەقینەوەکەی خاش_زاهێدان، وێرای تۆمەتبار کردنی پاکستان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان کرد.
دوومین هەوڵی تۆڵەخوازانە، دوو حەوتوو دوای ڕفاندنی 12 هێزی سەربازی ئێران له پایگای سەربازی له لایەن چەکدارانی گرووپی جەیشولعەدل هاتە ئاراوە.
جەیشولعەدل ڕۆژی 24ی ڕەزبەری 97 ڕایگەیاند کە 12 هێزی سەربازی ئێرانیان لە سەربازگەی بەدر لە خاڵی سیفری سنووری هەڵکەوتوو لە شارستانی میرجاوە لە پارێزگای بەلووچستان ڕفاندووە.
دوو حەوتوو دوای ئەو ڕووداوە، چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر کاروانی هێزە نیزامییەکانی پاکستان لە خاڵی سیفری سنووری.
ناکۆکی نێوان پاکستان و ئێران هاوکاتە لەگەڵ سەفەری محەممەد بن سەلمان جێنشینی پاشای عەرەبستان بو پاکستان و بەشێوەیێک زۆر بەرچاو تەشەنەی سەندووە.
ڕاپۆرتی میدیاکانیش ئاماژەیان داوە بە ئەندامێتی پاکستان له هاوپەیمانی دژە ئێران بە سەرکردایەتی عەرەبستان له کاتی سەفەری جێنشینی پاشای عەرەبستان بۆ ئەو وڵاتە