ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شار مەریوان بە بۆنەی ٢ی ڕەشەمە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک پێداگرییان لەسەر پرسی گرینگی زمانی زگماکی کردوە.
لە بەشێک لە بەیاننامەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە سەرنجدان بە گرینگی زمانی نەتەوەکان و مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک هاتووە؛
لە کۆی ٢٠٠ وڵاتی جیهان، ئێران لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە خوێندن و فێربوونی زمانی دایکیی تێیدا ڕێگەپێنەدراوە. دیارە لەبەرچاو نەگرتنی جیاوازییە زمانی و نەتەوەییەکان و سەپاندنی زمان و ئەدەبیات و فەرهەنگی یەک نەتەوە، خزمەت بە هەمان پرۆژە شکست خواردوەکەی “یەکدەست کردن”ی وڵاتە. ئەو پرۆژە و ڕوانگە، تەنیا یەک زمانی لا گرێنگە و بایەخێکی ئەوتۆ بۆ زمانی دایکیی دەیان ملوێن مرۆڤی دیکە لە وڵاتێکی پان و بەرینی وەک ئێران دانانێت.
لە درێژەی بەیاننامەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە ئاوردانەوەیەک بە پەسندکراوی ڕێکخراوی یوونێسکۆ دا هاتووە؛ ٢١ی فوریەی هەموو ساڵێک، وەبیرهێنەری ڕۆژێکی زۆر گرینگی جیهانییە. لەم ڕۆژەدا سازمانی یۆنسکۆ لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا، بە پێشنیاری فەرمی وڵاتی بنگلادش لە نوامبێری ساڵی ١٩٩٩ی زایینی، ڕۆژی زمانی دایکیی بۆ هەموو وڵاتانی جیهان ڕاگەیاند. یۆنسکۆ هەروەها سیستەمی فێرکاری چەند زمانەی بۆ ئەو وڵاتانەی کە دانیشتوانی لە چەند زمان و چەند نەتەوەی جیاواز پێک هاتوە، پێشنیار کرد.
ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، وێڕای پیرۆزبایی و بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیی، لە سەر ئەو بڕوایەن کە بەفەرمی ناسینی زمانە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی سیستەمی فێرکاری چەند زمانە لە کۆمەڵگادا، هیچ ناتەباییەکی لە گەڵ پاراستنی یەکپارچەیی وڵات و بەهێزکردنی گیانی هاوپێوەندی نێوان دانیشتوانی ئێراندا نییە. بەڵکوو بێبەشکردنی مرۆڤەکان لە فێرکاری و خوێندن بە زمانی دایکیی و ئەو هەست بە بەشخوراوییەیە کە ئەوان تووشی داڕمان و وێرانکاریی و دابڕان دەکات.