ئەمەریکاو یەکیەتیی ئورووپا لە قەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانیـیانەی تورکیە دەیانکاتە سەر پارتی کرێکارانی کوردسـتان نیگەراننو دەڵێن لەوانەیە ئەو کارە دژکردەوەی تۆڵە سەندنەوەیان لێبکەوێتەوەو لەو نێوەدا خەڵکی مەدەنی بننە قوربانی.
مارک تونەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ دەمانەوێ پارتی کرێکارانی کوردسـتان واز لە توندوتیژی بهێنێو دەسـت بکاتەوە بە وتووێژ لەگەڵ حکومەتی تورکیە، هەروەها داوای کردوە کە حکومەتی تورکیەش لای خۆیەوە بە شێوەیەکی هاوسەنگیـیانە وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.
یەکیەتیی ئورووپاش داوای لە تورکیە کردوە ددان بە خۆیدا بگرێو کاردانەوەی زۆر توندی لە بەرامبەر هێرشەکانی پەکەکەدا نەبێ.
ئەو قسانەی کاربەدەستانی ئەمریکاو یەکیەتیی ئورووپا لە حاڵێکدا دەگوترێ کە بەهۆی پەلاماری هێزە ئاسمانییەکانی تورکیە بۆ بناری قەندیل لە گوندی زارگەڵی 8 کەسی خەڵکی ئەو گوندە کوژرانو زیاتر لە 20 کەس بریندار بوون.