لە درێژەی چالاکییە فەرهەنگی و مەدەنییەکان بە بۆنە رۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە شار و ناوچەکانی کوردستان، لە شاری دێولان بەو بۆنەوە ڕێوڕسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندان ڕێکخراوی فەرهەنگی و ئەدەبی ڕچەی لەیلاخ، لە شاری دێولان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە رۆژی جیهانیی زمانی دایک بەڕێوەبرد.
لەو ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەدا کە لە لایەن بنەماڵەکانەوە پێشوازی لێکرا، کۆمەڵێک بڕگەو بابەتی پێوەندیدار بە پرسی زمان و گرینگی زمانی نەتەوەیی لە لایەن قەڵەمبەدەستان و نووسەرانی بەشدار بوو پێشکەش کران و زۆرتر جەخت لەسەر ڕاهێنان و پەروەردەکردنی منداڵان بەزمانی دایکی کرا.
یەکێک لە بڕگەکانی ئەو ڕێوڕەسمە تەرخانکرابوو بە شێعر و پەخشان خوێندنی منداڵان بە زمانی کوردی و لەو بەشەدا منداڵانی شاری دێولان بە گەرمی بەشدارییان کرد و کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.
هەروەها لە شارەکانی کرماشان و قوروە چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی لەو ڕێوڕەسمە بەشدارییان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا گرووپی مووسیقی سایدا و گرووپی منداڵانی مێخەک چەند تابلۆی جوانیان لە گۆرانی و سروودی کوردی پێشکەش کرد.
پێویستە بگوترێ ئەو کۆڕە فەرهەنگییە بە هیمەت و هەوڵی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری ناوچەی لەیلاخ بەڕێوەچوو.
جێیوەبیرهێنانەوەیە ڕێکخراوەی فەرهەنگی و ئەدەبی ڕچە، زیاتر لە ۲۰ ساڵە لە شاری دێولان خەریکی چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبییە.