ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی یوونسکۆ (UNESCO)، داوای لەو ڕێکخراوەیە کرد، چاوەدێرییەکی چالاکانە بە سەر هەڵسوکەوت و سیاسەتی کاولکارانەی ڕێژیمی ئێران بکەن و هەوڵ بدەن گوشار بخەنە سەر ڕێژیم بۆ ئەوەی کە پێبەند بە یاسا و پرەنسیپەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بێت.
دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێز ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوونسکۆ)
سڵاو و ڕێز
ئێمە وەکوو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەندامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە بەرەبەری ٢١ی ڤیورییە (ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیـ)ـدا بە پێویستمان زانی، لە دووتوێی ئەم نامەیەدا بەڕێزتان لە بارودۆخی نالەباری زمانی دایکیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران ئاگادار بکەینەوە و داواتان لێ بکەین وەکوو ئۆرگانێکی بەرپرسیار لەو پێوەندییەدا گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی کە کۆتایی بەو ستەم و هەڵاواردنە بێنێت، کە بە هۆی سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە بەسەر کولتوور و شوناس و زمانی دایکیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێراندا هاتووە.
ئێران وڵاتێکی فرەکولتوور و فرەنەتەوەیە کە هەرکام لە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە خاوەنی زمان و شوناسی جیاوازی خۆیانن. بەپێی یاسا نێونەتەوەیییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ، ئاخێوەرانی هەر زمانێک مافی خۆیانە کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن. هەروەک دەزانن، ئەو مافە لە ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافە زمانییەکان، جاڕنامەی زمانی دایکیی ڕێکخراوی یوونسکۆ، پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵانێشدا هاتووە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەموو ئەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەی واژۆ کردووە و لە ڕێکخراوەکانی پێوەندیدار بەو بەڵگەنامانە و یەک لەوانەش یوونسکۆدا ئەندامە. بەپێی مادەی ٩ی یاسای مەدەنیی ئێران، ئەو بەڵگەنامانە دەبێ وەکوو یاسا پەسەندکراوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران کاریان پێ بکرێت. بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێچەوانەی بەرپرسیارێتییەک کە واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامانە دەیخاتە ئەستۆی، نەک هەر هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنیانی هەڵ نەگرتووە، بەڵکوو بەپێی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم، زمانی فارسی وەکوو تاقە زمانی فەرمیی وڵات دەناسێت و بە کردەوەش پرسی خوێندن بە زمانی دایکیی نەتەوە نافارسەکانی ئێران (کە زیاتر لە نێوەی حەشیمەتی ئێران پێک دەهێنن) وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر تەناهیی نیشتمانی و یەکپارچەییی وڵات پێناسە دەکات و ئامادە نییە، دان بە مافە زمانییەکانی ئەو نەتەوانە و یەک لەوانە نەتەوەی کورد لە ئێران و ناوچەکانی کوردستانی ئێراندا بنێت. لەو پێوەندییەدا ڕێژیمی ئێستەی ئێران بە درێژەدانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی، ئاسیمیلاسیۆنی زمانی و سڕینەوە و سووکایەتی بە کولتوور و شوناسی بەشێکی زۆر لە نەتەوەکانی ئێران، گۆڕینی دێمۆگرافی و تواندنەوەی زمانی کوردی و زمانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکەی لە نێو زمانی نەتەوەی باڵادەستدا گرتوووەتە پێش و سەرمایەکانی وڵاتی خستووەتە خزمەت سیاسەتی تواندنەوەی کولتوور و شوناسی ئەو نەتەوانە. چالاکانی کولتووری و زمانیی کورد، کە بە شێوەی خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن خولی فێرکردنی زمانی دایکی بۆ ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە ستەملێکراوە بەڕێوە ببەن، لەگەڵ بەربەستی جۆراوجۆر لە لایەن دامودەزگا حکوومەتییەکانەوە بەرەوڕوو دەبن و حکوومەت مۆرکی تاوانی ئەمنییەتی لە چالاکییە مافخوازانەکانیان دەدات.
ئێمە وەکوو حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا، کە بۆ وەدیهێنانی مافە سیاسی و مرۆیییەکانی نەتەوەی ستەملێکراوی کورد لە کوردستانی ئێراندا خەبات دەکەین، داواتان لێ دەکەین چاوەدێرییەکی چالاکانە بەسەر هەڵسوکەوت و سیاسەتی کاولکارانەی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن و هەوڵ بدەن گوشار بخەنە سەر ڕێژیم بۆ ئەوەی کە پێبەندیی خۆی بە یاسا و پرەنسیپەکانی ڕێکخراوی ئێوە و ڕێککەوتنە نێونەتەوەیییەکانی پێوەندیدار بە زمانی دایکی، کە بۆ خۆی واژۆی کردوون، بە کردەوە بسەلمێنێت و کۆتایی بە ستەم و سەرکوت و هەڵاواردن لە دژی کولتوور و زمانی دایکیی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بهێنێت.
لەگەڵ ڕێزماندا
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی