لایحەی بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران پەسند کرا، بەڵام لە ئێستاوە 100 هەزار میلیارد تمەن کورتیی هێناوە. ئەم لایحەیە لە کاتێکدا پەسند کرا کە لە 290 نوێنەری مەجلیس 78 کەسیان لەوێ نەبوون و 86 کەسیشیان دەنگی “نەخێر”یان پێدا.
مەحموود سادقی، یەک لەو نوێنەرانەی دەنگی “نا”ی بە لایحەکە داوە دەڵێ دەوڵەت بەڕوونی باسی لە سەرچاوەکانی داهاتی خۆی نەکردووە و ئەم بودجەیە لەگەڵ پەسندکرانی و لە ئێستااوە 100 هەزار میلیارد تمەن کورتیی هێناوە.
محەممەدڕەزا تابش، ئەندامی کۆمیسیونی بەرنامە و بودجەی مەجلیس لەکاتی پەسندکرانی لایحەکەدا گوتی لایحەکە گۆڕانکاریی زۆری پێویستە، چونکی لە ئێستاوە دەنگی قرچەی ئێسک و پروسکی چینی هەژار و بێدەرەتانی کۆمەڵگەمان لەژێر فشاری ئابووریدا دێتە گوێ.
شایانی باسە نوێنەرانی مەجلیس ئیزنی ئەوەیان بە دەوڵەت داوە لە ئەگەری کورتیهێنانی بودجەدا لە حسێبی پاشکەوتی دراو هەڵبگرێ.