فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگریی فەڕانسە لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی دێموکراتی سووریە کە ئێستاش شەڕی پاشماوەکانی داعش دەکەن وریایی دا. ئەو گوتی نابێ بێڵین کوردەکان لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریە ببنەوە قوربانیی شەڕی چەند ساڵەی ئەم وڵاتە و تێدا بچن.
فلۆرانس پارلی گوتی کەس نازانێ دوای کشانەوەی ئەمریکا لەو ناوچەیە چ ڕوو دەدا، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەمەیە کوردەکانی هاوپەیمانی ئێمە مایەی زۆریان لە خۆیان داناوە و حەقیان بەسەر ئێمەوەیە. ئەو گوتی چارەسەری بەردەست ڕەنگبێ ڕێککەوتنی نێوان ڕێژیمی سووریە و کوردەکان بێ، بەڵام ئەوەش دادی کوردەکان نادا؛ چونکی دەمیشق دەیەوێ دەست بەسەر تەواوەتیی خاکی سووریەدا بگرێتەوە. فلۆرانس گوتی ئێمە نابێ چارەنووسی کوردەکان بە قەدەر بسپێرین.