دوای بەڕێوەچوونی کۆڕی رێزگرتن و یادکردن لە مامۆستا مەحیەدین هەقشناس کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ ڕێبەندان لە شاری سنە بەڕێوەچوو، پاسدار حەمزە فەلاح وێڕای ڕەخنە گرتن لەو جۆرە چالاکییانە ، بە تووندی هەڕەشەی لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕیادە و چالاکانی فەرهەنگی لە پارێزگای سنەی کرد.
بەشێک لە تووڕەبوونی پاسدار حەمزە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشداربووانی ئەو کۆڕە فەرهەنگییە ڕێزیان لە سروودی کۆماری ئیسلامی نەگرتووە و هەروەها بە قسەی ئەو کاربەدەستە ئەمنیە ، لەو کۆڕیادەدا شیعر و بابەتی دژە ئینقلاب خوێندراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی مێهر شەوی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان پاسدار حمزە فەلاح جێگری فەرماندە قەرارگای “بیت المقدس”ی پارێزگای سنە، بە ئاماژەدان بە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شاعیری “شارەکەم سنە” مامۆستا هەقشناس گوتی: “هەرکەس تاقەتی گوێگرتن لە سروودی کۆماری ئیسلامی نەبێ مونافقە ”
ناوبراو بە توورەییەوە باسی لەوە کردوە کە لەو ڕێوڕەسمەدا “بانگەشە بە دژی نیزام” کراوە.
پاسدار فەلاح لەو پێوەندییەدا هەڕەشەی لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی پارێزگای سنە کرد و گوتی: ئەگەر واز نەهێنن لە ڕێگای دەزگای قەزاییەوە ڕووبەڕوویان دەبینەوە.