لە شاری سنە، کۆڕێکی فەرهەنگی و ئەدەبی بۆ ڕێزگرتن لە شاعیری خەڵکی و خەمخۆر، مامۆستا مەحیەدین حەقشناس بە ڕێوەچوو.
لە درێژەی زەنجیرە بەرنامەی “شەوانی کوردەواری” کە لە سەردەستی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت، یادی مامۆستا محیەدین هەقشناس خاوەنی بەرهەمی بەنرخی شارەکەم سنە بەرز ڕاگیرا.
لە کۆڕیادەدا کە لە شەقامی ئیکاباتان و لە تەلاری پەروەردەو فێرکاری بەڕێوەچوو کۆمەڵێک قەڵەمبەدەست و نووسەر و هۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی تێیدا بەشدارییان کرد و لە لایەن خەڵکەوە بە بەربڵاوی پێشوازی لێکرا.
هەرکام لە بەڕێزان ئەسعەد ئەردەڵان، عەلی ئەشرافی، ماجێد مەردووخ ڕوحانی، مەستوورە درەخشی عەتا حەوار نەسەب، جەماڵ ئەحمەدی ئایین و فەردین سادق ئەیووبی لە سەر کەسایەتیی هونەریی مامۆستا محیەدین هەقشناس قسەیان کرد.
شیاوی باسە “مەحیەدین حەقشناس” لە ساڵی ١٣٠٣ی هەتاویی لە شاری سنە لە دایک دەبێ و، وەکوو کەسێکی خاوەن بەهرە لە بواری ئەدەبیاتدا کۆمەڵێک شێعری کوردی و فارسی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوە، کە بەرچاوترینی شیعری ٦٠٠ بەیتی ” شارەکەم سنە”یە، کە بە زمانێکی پاراو و، هەستێکی جوان باس لە زاراوە و کەلتوور و مێژووی شاری سنە و ناوچەی ئەردەڵان دەکا.
ئالبۆمی شێعری “شارەکەم سنە” وەکوو بەرهەمێکی فەرهەنگی کە لە دوو کاسێت بە میووزیک و مووسیقی کوردی ڕازاوەتەوە لە لایەن خەڵکی کوردەوە پێشوازی زۆری لێکراو، بۆ بە هۆی خۆشەویستی زیاتری مامۆستا مەحیەدین حەقشناس لەنێو خەڵکی کورد.
مامۆستا حەقشناس شاعیرێکی خەڵکیی و، کەسایەتییەکی خۆشناو بوو ، کە چەند کەڕەت وەکوو کەسایەتی “ساڵ” هەڵبژێردرا و ڕێزی لێ گیرا.
ئەو شاعیرە ناودارە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویی لەشاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا حەقشناس لەگەڵ ڕادیۆی سنە دەستی کرد بە هاوکاری کردن و لە بەرنامەی شێعر و قسەی شیرینی ڕادیۆ سنە بەشداریی کرد و ڕووی کردە قسەی باوی ناو کۆڵان و بازاڕی شاری سنە و کۆمەڵێک بەرهەمی کۆ کردەوە کە ئێستاش هەندێکیان لەچاپ نەدراون.
بەرهەمی شێعریی “شارەکەم سنە” گرینگترین بەرهەمی مامۆستا حەقشناسە کە بە هیمەتی مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی و لە سەر ئەرکی بڵاڤگەی سرووش بڵاوکراوەتەوە و لەو بەرهەمەدا کۆمەڵێک نەریتی کۆنی کوردەواری لە شاری سنە و زۆر دەستەواژە و یاری و قسەی نەستەق و کەلتووری کۆنی ئەودەم کۆ کراوەتەوە و بە شێوازێکی شیرین بە شێعر هۆنراوەتەوە.