سەرەڕای ئیدیعای كاربەدەستانی دەوڵەت لە بابەت خاوێنكردنەوەی ناوچەكانی كوردستان لە مین، بەڵام كوژرانو بریندار بوونی دوو منداڵی دیكە دەری خست مین لە کوردستان ئێستاش قوربانی وەردەگرێ.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە نزیك ئاوایی “لەنگڕیز” لە نزیك شاری سەوڵاوای بەهۆی تەقینەوەی مین كوڕێكی تەمەن ١٣ ساڵ بە ناوی بێهزاد ئیبراهیمی گیانی لە دەست داو كوڕێكی ١٢ ساڵەی دیكەش بە ناوی فەرشاد یاقووبی بە توندی بریندار بووە.
ئەم تەقینەوەیە لە كۆنە پاسگایەكی چۆڵکراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەو لە دەوروبەری ئاوایی “لەنگڕیز” ی سەولاوا ڕووی داوە. خەڵکی ئاوایی دەڵێن دەوروبەری ئەو پایەگایە پێش چۆڵکرانی مینڕێژ کرابوو، دوایە کە هێزەکانی سپای پاسداران ئەوێیان چۆڵ کرد، گوتویانە کە پاکسازییان کردوەو مینەکانیان هەڵگرتۆتەوە؛ کەچی دەبینین هەموو قسەکانیان ناڕاست بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد ئەم دوو كوڕە مێردمنداڵە خەریكی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان بوونو، لە كاتی تێپەڕ بوون لە نزیك ئەم پاسگا چۆڵە بەهۆی تەقینەوەی مین تووشی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بوونو یەكێك لەوان هەرلەجێدا گیانی لە دەست داو ئەوی دیكەشیان زۆر بە توندی بریندار بوو.
بە قسەی پزیشکەکانیش بارودۆخی سڵامەتیی فەرشاد یاقووبیش ناجێگیرەو ئەگەری زیندوومانەوەی یەکجار كەمە.
بەم جۆرە كە لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، پڕیشکەی مینەکە سەرو چاوی فەرشادی گرتوەو ناوبراو بە مەبەستی چارەسەری ئێستا لە نەخۆشخانەی “بووعەلی”ی مەریوان خەوێندراوە.
بەپێی ئامارەكان 26 ساڵ دوای تەواوبوونی شەڕ ئێستاش 6 میلیۆن هێكتار خاكی بە مین تەندراوی ئێران خاوێن نەکراوەتەوەو پێنج پارێزگای ورمێ، سنە، ئیلام، كرماشانو خووزستان ئەم ناوچانە لە ڕۆژاوای ئێرانن كە زیاتر لە هەموو شوێنێكی دیكەی ئێران مینڕێژ كراون.