محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپای پاسدارانی ئێران ئاماژەیدا به تەقینەوەی پاسی هەڵگری هێزەکانی سپای پاسداران له ڕێگای خاش ــ زاهێدان و گوتی: پاکستان ئەبێ بەرانبەر بەو تاوانانەی له سنوورەکانیدا ڕوویان داوە، بەرپرسیار و وڵامدەر بێت.
فەرماندەی سپای پاسداران ڕایگەیاند: “ئەو کەسانەی ئەو کردەوە تیرۆریستیەیان ئەنجام داوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پاکستانەوە پاڵپشتی دەکرێن و، ئەگەر دەوڵەتی پاکستان ئەوان سزا نەدات بەم نیزیکانە ئێمه هەوڵی توڵەکردنەوە ئەدەین.”
ناوبراو زیادیشی کردووە کە، هەوڵ و کرداری ئێران جیاوازتر له ڕابردوو دەبێت و پێویستە دەوڵەتی پاکستان شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستیەکان بگۆڕێت.
بەهۆی هێرشی خۆکوژی ئێوارەی چوارشەممە 24ی ڕێبەندان بۆ سەر ئوتوبۆسێکی هەڵگری هێزەکانی سپای پاسداران له سیستان و بەلووچستان، 41کەس کوژران و بریندار بوون.
گرووپی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداری دژبەری ڕژیمی ئێرانە له سیستان و بەلووچستان بەرپرسارێتی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرت.