دوابەدوای هۆشدارەکانی کاربەدەستانی ئەمریکایی بە تایبەتی جان بۆڵتۆن کە کە لە قسەکانیدا ڕوو بە خامنەیی گوتی: پێموانییە ماوەیەکی زۆرت بۆ گرتنی جێژنەکانی ساڵوەگەڕی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لەبەردەمدا مابێ. محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی نیگەرانی لە داهاتووی کۆماری ئیسلامی گوتی: ئەو گرووپەی کە شەڕیان دژی حکوومەتی پێشووی عێراق وەڕێخست، ئێستا بە نیازی هەڵایسانی شەڕن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا گوتی: ئێمە ناڵێین دەوڵەتی تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بەڵکوو دەڵێین هێندێک کەس لە دەوڵەتی ترامپ دا خوازیاری هەڵگیرسانی شەڕێکن کە بە قسەی زەریف بۆ ئەوان شەڕێکی خۆکوژییە.
قسەکانی زەریف لە کاتێکدایە کە لەمدواییانەدا هیچکام لە کاربەدەستانی ئەمریکایی باسیان لە هێرش بۆ سەر ئێران نەکردووە بەڵام ئەمریکاییەکان هەمیشە گوتوویانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران هەردەم ڕێکاری سەربازی لەبەر دەست دایە.
پێشتر جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٥ لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی “نیۆیۆرک تایمز”دا لە ژێر سەردێڕی ” بۆ ڕاگرتنی بۆمبی ئێران، ئێران بۆمباران بکەن” خوازیاری هێرش بۆ سەر ئێران بووە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سەر پێکدادان لە نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئێسرائیل هێندێک بابەت هاتبۆ گۆڕی. لە ماوەی رابردوودا ئیسرائیل سەدان جار بنکە و مۆڵگەکانی ئێرانی لە سووریە بۆمباران کردووە و وێڕای خەساری زۆری ماڵی ، بە سەدان کەس لە چەکدارەکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. ئیسڕائیلی بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە لە سووریە تەحەممولی هێزەکانی ئێرانی و حیزبوڵڵای لوبنان ناکات.