ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە سێ شاری کرماشان، ورمێ و مەریوان سێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵک بەڕێوە چوون. بەپێی هەواڵی گەیشتوو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان کۆمەڵێک لە فەرهەنگیانی کرماشان چوونە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی کرماشان و داوای ئازاد کردنی هاوکارە دەسبەسەر کراوەکانیان کرد. خۆپێشاندەران بە دروشمی “مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ” و “یەکیەتی یەکیەتی” خۆپێشاندانەکەیان درێژە پێدا. لە هەمان کاتدا لە شاری مەریوانیش فەرهەنگیانی ئەو شارە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر بەڵێنیە ناڕاستەکانی کاربەدەستان و وڵام نەدانەوە بە ویست و داخوازییەکانیان چوونە پێش ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی شاری مەریوان و خۆپێشاندانیان وەڕێخست.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی کۆمەڵیک لە خاوەن جووجەخانەکانی شارستانی ورمێ لەبەرابەر وڵامنەدانەوە بە ویستەکانیان و تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر نەدانەوەی قەرزەکانیان، خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتیان وەڕێخست. دواکەوتنی قەرزەکانیان بۆتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لەو جووجەخانانە دابخرێن یا لەکار بکەون.