(بۆ سه‌رنجی بیروڕای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تانی رێكخه‌ر و به‌شداری ئه‌م کۆنفڕانسه)
وه‌ك راگه‌یاندراوه له رۆژه‌کانی ١٣ و ١٤ ی ئه‌م مانگه (فێوریه) کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی به میوانداریی وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و له‌هستان بۆ تاوتوێ کردنی پرسه‌كانی پێوه‌ندیدار به ئاشتی و ته‌ناهی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا له وارشۆ به‌ڕێوه ده‌چێ.
به‌پێی ئاجێندایه‌کی نافه‌رمیی ئه‌م کۆنفرانسه که تا ئێستا بڵاو بۆته‌وه، به‌رنامه‌ی کاری ئه‌م کۆنفرانسه نێونه‌ته‌وه‌ییه به‌ده‌ر له ته‌وه‌ره گشتییه‌كه‌ی زۆر پرسی وه‌ك بارودۆخی سوریه و یه‌مه‌ن، په‌ره‌پێدانی پرۆگرامی مووشه‌کی و پشیوانی له گرووپه تێرۆریستییه‌كان ده‌گرێته خۆی. ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت وه‌ک هێندێك به‌رپرسی ئه‌مریکایی رایانگه‌یاندووه ئه‌م کۆنفرانسه بۆ دژایه‌تیکردنی ته‌نیا ده‌وڵه‌تێكی ناوچه‌ش رێك نه‌خرابێ، له کۆی جموجۆڵ و هه‌ڵوێسته دیپلۆماتیکهكانی ئه‌م دواییانه و ورده‌كاریی پلان و پێكهاته‌ی ئه‌م کۆنفرانسه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ که رۆڵی تێكده‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا بابه‌تی سه‌ره‌کیی ئه‌م کۆنفرانسه ده‌بێ.
کۆنفرانسی وارشۆ له‌کاتێكدا به‌ڕێوه ده‌چێ که کۆماری ئیسلامی چله‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی هاتنه‌سه‌رکاری خۆی تێپه‌ڕ ده‌کا. چوار ده‌هه حاکمیه‌تی کۆنه‌په‌رستانه و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی کۆماری ئیسلامی بۆ گه‌لانی ئێران و خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته به مانای هه‌ڵگرتنی باری قورسی ده‌ره‌نجامه ئینسانی و کۆمهڵایهتییهكانی ده‌یان شه‌ڕ و قه‌یران و گرژیی نێوخۆیی و ده‌ره‌كی؛ سه‌رکوتی دڕندانه‌ی هێزه سیاسییه ناڕازییه‌کان و بژارده ئازادیخوازه‌کان؛ و به‌فیڕۆچوونی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی مافیای ده‌سه‌ڵات و به‌رنامه مهزنیخواز و تێكده‌رییه‌كانی رێژیم له ناوچه‌دا بووه. له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێکهاته ئێتنیکییهكانی کۆمه‌ڵگای ئێران به‌تایبه‌تی گه‌لی کوردیش‌دا، کۆماری ئیسلامی له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا سیاسه‌تی حاشالێکردن و جیاوازی‌دانان به‌دژی ئه‌و پێکهاتانه‌ی وه‌لا نه‌ناوه و داوای مافی ئینسانی و شوناس‌خوازیی ئه‌وانی به توند‌وتیژترین شێوه داپڵۆسیوه.
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی خه‌ڵک له بڕگه‌ی جۆربه‌جۆردا بۆ دروستبوونی ئاڵوگۆڕ و باشکردنی دۆخی ماف و ئازادییهکانیهکانیان به رێگای سیاسی و مه‌ده‌نی، ماهیه‌تی کۆماری ئیسلامی پێشی به چاره‌سه‌ری کێشه‌كانی وڵات و کرانه‌وه‌ی سیاسی گرتووه. هه‌ربۆیه خه‌ڵکی ئێران له ریفۆرمی کۆماری ئیسلامی بێ‌ئومێد بوون و لاچوونی ئه‌و رێژیمه‌یان ده‌وێ. ئه‌وه‌ش که سه‌ره‌ڕای ئیعتراز و هه‌ڵچوونی بێوێنه‌ی خه‌ڵک و فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کۆماری ئیسلامی به هه‌مان ماهیه‌ت و ره‌فتاری پێشوویه‌وه تا ئێستا له‌سه‌ر کار ماوه، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئه‌و رێژیمه جگه له سه‌رکوتی توند و مانۆڕه فرتوفێڵاوییهکانی، سوود له نایه‌کده‌نگی و نایه‌کگرتوویی له هه‌ردوو ئاستی نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌با: له‌لایه‌ک، هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیم په‌رش و بڵاون و تا ئێستا ئالترناتیوێکی جیددی بۆ ئه‌و رێژیمه شکڵی نه‌گرتووه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، جیاوازیی روانین و بۆچوونی نێوده‌وڵه‌تی له چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی به قازانجی ئه‌و رێژیمه ته‌واو بووه.
ئه‌وه واقیعێكی تاڵ و جێگه‌ی داخی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه که بۆ کۆنفڕانسێک که له‌ودا سه‌باره‌ت به ئایندهی وڵاتێکی هه‌ره گرینگی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست باس و راوێژ ده‌كرێ، نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک و پێکهاته‌کانی ئه‌م وڵاته ناتوانن به‌شدار بن و هیچ جۆره پرسێكیان پێ ناکرێ. به‌وحاڵه‌ش، به‌ستنی کۆنفرانسی وارشۆ ئه‌گه‌ر به‌مه‌به‌ستی دروستکردنی کۆده‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی‌دا بێ، هه‌نگاوێكی موسبه‌ته. هاوکات به‌ڵام هه‌نگاوی له‌م چه‌شنه ته‌نیا کاتێك ده‌توانێ بۆ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌به‌رهه‌م بێ و له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لکی ئێران و گه‌لانی ناوچه‌دا ته‌واو بێ که ته‌نیا له ره‌هه‌ندی ده‌ره‌کی و له گۆشه‌نیگای فایله‌کانی ئه‌منیه‌تی ناوچه‌وه چاو له ره‌فتاری کۆماری ئیسلامی نه‌کرێ. به‌ڵکوو پرسی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی ئێران و ئایندهی دێموکراتیکی ئه‌و وڵاته و رۆڵ و روانگه‌ی هێزه دێموکڕات و پێشکه‌وتنخوازه‌کانی ئێران له پرۆسه‌ی بنیاتنانی ئاینده‌یه‌کی سالم بۆ ئه‌و وڵاته و به‌گشتی بۆ گه‌لانی ناوچه له‌به‌رچاو بگیرێ.
نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه که پابه‌ندیی به به‌ها شارستانییه‌کان و رۆڵی خۆی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپه تێرۆریستییه‌کاندا سه‌لماندووه، به‌ڵام نه له ئاستی نێوخۆیی و نه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ئاوڕی شیاو له مه‌وجودییه‌تی مێژوویی و ویسته ره‌واکانی نه‌دراوه‌ته‌وه. رووداوه‌کانی چه‌ند ساڵی رابردوو ده‌ری خستووه که فاکته‌ری کوردی له ناوچه‌دا ئه‌گه‌ر پشتیوانیی پێویست و پایه‌داری لێ بکرێ، نه‌ک هه‌ر بۆ ئایندهی ئه‌و گه‌له به‌ڵکوو بۆ سه‌رجه‌م ئایندهی ناوچه ده‌توانێ کارساز و شوێندانه‌ر بێ.
له‌و نێوه‌شدا، به‌تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیی کوردستانی ئێران خاوه‌نی ئه‌زموون و قابلیه‌تێکی زۆره. گه‌لی کورد که له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامییه‌وه شه‌رعییه‌تی ئه‌و رێژیمه‌ی ره‌ت کرده‌وه، له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا به هه‌موو شێوازێکی ره‌وا بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌کانی خۆی وه‌ک به‌شێک له نه‌ته‌وه‌یه‌کی دابه‌شکراو و زوڵملێکراو و بۆ دروستکردنی به‌ستێنێكی ته‌ندروست بۆ پێکه‌وه ژیان و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان خه‌باتی کردوه.
ره‌فتاری به‌رپرسیارانه‌ی حکومه‌تی ئێران له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به وڵامده‌رکردنی ئه‌و رێژیمه له ئاستی نێوخۆیی‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه. کارایی و دێموکراتیک بوونی وه‌ها حکومه‌تێکیش به‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که به‌راستی نوێنه‌رایه‌تیی فره‌چه‌شنییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای ئێران بکا.
هه‌ربۆیه کۆنفرانسی وارشۆ و به‌گشتی سازوکاره نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له زیمنی ئه‌وه‌دا که ده‌بێ به‌رنامه‌ڕێژیی هه‌نگاوی به‌کرده‌وه بۆ به‌ربه‌ستکردنی سیاسه‌تی تێکده‌رانه و تێرۆریستیی ئه‌و رێژیمه له ناوچه‌دا له خۆ بگرێ، پێویسته خه‌ڵکی ئێران و هێزه‌کانی خاوه‌نی پۆتانسیه‌لی موسبه‌ت بۆ ئایندهی ئه‌و وڵاته‌ش به به‌رده‌نگ و شه‌ریک وه‌ربگرێ. بۆ ئه‌وه‌ش کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێ له‌ژێر نه‌خشه‌ی سیاسیی ئێرانه‌وه واقعیه‌تی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌چه‌شنی ئه‌و وڵاته ببینێ و دابینبوونی مافی پێکهاته ئێتنیکه‌کانی ئێران وه‌ك به‌شێکی بنه‌ڕه‌تیی پڕۆسه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی ئایندهی سیاسیی ئه‌و وڵاته که به بۆچوونی ئێمه له سیستمێکی دێموکڕاتیک و فیدراڵ‌دا خۆی ده‌نوێنێ بژمێرێ.
ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران
١١ی فێوریه‌ی ٢٠١٩