لە بەرەبەری پێکهێنانی کۆنفڕانسێکی نێونەتەوەیی بە دژی ئێران کە بڕیارە لە وڵاتی لەهێستان بەڕێوەبچێت، هەڕەشەی دەمڕاستەکانی ڕێژیم زیاتر بووە.
دوای قسەکانی پاسدار عەلی حاجیزادە لە پێوەندی لەگەڵ پەرەپێدان بە بەرنامەی مووشەکی، ئەحمەد خاتەمی پێشنوێژی شاری تاران و ئەندامی “مەجلیسی خبرەگان”ی ڕێبەری بە باسکردن لە سەر وزەی ناوکی، ڕایگەیاند کە تەنانەت فڕمۆڵی سازکردنی بۆمبی ناوکییان هەیە.
قسەکانی ئەحمەد خاتەمی لە کاتێکدا کە دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام، و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیم بە تایبەتی باڵی بناژۆخوازەکان زیادی کردووە.
بە گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی لاسارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئامریکا وەکوو کورەی باکوور لە گەڵیان بکەوێتە دانیشتن و موزاکرەیان لەگەڵ بکات.
هاوکات لە گەڵ گوشاری وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ پێشگرتن لە بەرنامەی مووشەکیی ئێران، فەڕانسە بە توندی هوشداری داوەتە ئێران کە ئەگەر تاقیکردنەوەکانی ڕانەگرێ لە گەڵ گەمارۆی زوور توندی ئورووپا ڕووبەڕوو دەبێ.
لە هەمبەر گوشارەکانی دەوڵەتی فەڕانسە بۆ ملدانی ئێران بە وتووێژ لەسەر بەرنامەی مووشەکی، فەرماندەی هێزە هەوایەکانی کۆماری ئیسلامی عەلی حاجیزادە ڕایگەیاند ؛ ئێمە پەرە بە بەرنامەی مووشەکی دەدەین و خەریکی تاقیکردنەوەین و دەوڵەت لەو بارەوە دەسەڵاتی نیەو هیچ کارەیە.