ژمارەیەکی زۆر له ڕووناكبیرانی توركیه له به‌یاننامه‌یه‌كدا پێداگریان له‌سه‌ر پێویستیی ئاشتی له نێوان توركیه‌و پەکەکەدا كرده‌وه‌و داوایان كردوە كۆتایی به شه‌ڕ بێنن.
کۆمەڵێک له ڕووناكبیران پێكهاتوو له مامۆستایانی زانكۆ، سیاسهتمەدارو به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایان له ئه‌ندامانی پارلمانی توركیه كردوە كه پاش گه‌ڕانه‌وه له پشوو ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌جێ بگهیهننو بۆ پاراستنی ئاشتی و دێموكراسی له ده‌وری یه‌ك كۆببنه‌وه.
له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا وێڕای ڕه‌خنه له كار‌و كرده‌وه‌كانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری داد‌و گەشەپێدان بێ ئه‌وه‌ی ناوی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆماری ئه‌م وڵاته بێنن، هاتوە كه سه‌قامگیریی توركیه نابێ فیدای به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی‌و تاكه‌كه‌سیی کەسێک یان حیزبێك بكرێ.
واژۆكه‌رانی ئه‌م به‌یاننامه‌یه ڕایانگه‌یاندوه كه ئێستا ڕوون بۆتەوە کە ده‌سپێك‌و كۆتایی ڕه‌وتی دانوستانەکان به‌پێی خوێندنەوە و ئامانجەکانی تاكێكی تایبه‌ت بۆ پاراستنی حیزبه‌كه‌ی لە کورسیی دەسەڵاتدا بووه.
ڕۆژنامه‌ی توده‌ی زمان دەڵێ ڕهخنهگرانو سیاسهتمەدارانی حیزبی دێموكراتیكی گه‌ل، HDP ڕاده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌ردۆغان به‌دوای تۆله‌سه‌ندنه‌وه له‌م حیزبه به هۆی سه‌ركه‌وتنی له دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی خۆیدا بووه، بۆیەش دانوستان‌و وتووێژ له‌گه‌ڵ كوردی وه‌لاناوه.