ڕامین سەید ئیمامی، کوڕی کاووس سەید ئیمامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەمپینی مافیمرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو کەسانە بەرپرسیارن لە بەرانبەر مەرگی باوکمدا کە باوکمیان زیندانی کرد. ئەوان بەبێ هیچ بەڵگەیەک باوکمیان لە زینداندا ڕاگرت، ئەوان بەرپرسیار بوون لە پاراستنی گیانی ئەودا بەڵام کەمتەرخەمییان کرد.
کاووس سەید ئیمامی، ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویی لەگەڵ هەشت کەس لە ژینگەپارێزان لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.
دوو حەوتوو دوای دەسبەسەرکرانی ئەو هەشت کەسە، بەرپرسانی زیندانی ئێڤین ڕایانگەیاند کە کاووس سەید ئیمامی لە زینداندا خۆی کوشتوە.
بەرپرسانی سپای پاسداران ئیزنیان بە بنەماڵەکەی نەدا کە توێکاریی بۆ ناوبراو بکرێ.
ڕامین سەید ئیمامی گوتی: لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئێمە بە حورمەتی هەموو لایەک لە بەرانبەر بێڕێزیەکانی سپای پاسداراندا بێدەنگیمان هەڵبژارد، بەڵام ئێستا بەپێی مافێک کە لە قانوونی ئەساسیدا بە ئێمە دراوە لە بەرانبەر ئەو تۆمەتانەدا کە دراونە پاڵ باوکمان، هەقی خۆمانە کە دیفاع لە ناوبراو بکەین.
کوڕی سەید ئیمامی لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی حکوومەتی هیچ بەڵگەیەکیان لە سەر تاوانبار بوونی باوکمان نییە و ئێستا داواکارین کە سپای پاسداران لە بارەی دەسبەسەرکرانی باوکم و ژینگەپارێزانی دیکە و بەتایبەتی مەرگی باوکمان ڕوونکردنەوە بدات.
کاووس سەید ئیمامی مامۆستای زانستگە بوو کە لە گەڵ هەشت کەسی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەرکراو پاش چەند رۆژ هەواڵی گیان لەدەستدانی لە گرتووخانە بڵاو کرایەوە.