یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی لایه‌نگرانی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئه‌تومیی ئێران له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا باسی دهکهنو به‌چاوی هیواوه لێی ده‌ڕوانن، به‌بابه‌تی بوونی پرسی مافی مرۆڤ له ڕۆژه‌ڤی سیاسیی ئێرانه.
ئه‌وان پێیان وایه قورسایی کێشه‌ی ئهتومیو گرینگیی ئه‌و بابه‌ته بۆ ڕۆژاوا ببووه هۆی ئه‌وه‌ی زۆر پرسی گرینگ به‌لای خه‌ڵکی ئێران، وه‌ک داوای مافی نه‌ته‌وه‌یی، پرسی مافی مرۆڤ، ئازادییه سیاسی‌و مه‌ده‌نییه‌کان بکه‌وێته په‌راوێزی دانووستان‌و ڕۆژه‌ڤی نێوان ئێران‌و ڕۆژاوا. ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه له کاتێکدا بڕیاری یه‌کلابوونه‌وه‌ی کێشه‌ی ئه‌تومیی ئێران دراوه، چه‌نده مه‌یدان به هێنانه به‌رباسی ئه‌و بابه‌تانه ده‌درێ؟ جیا له بگرهوبێنهی لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتری، پرسی مافی مرۆڤ له ئێران چه‌نده بۆ ڕۆژاوا گرینگه‌و ئاماژه‌کان له ئێستادا چ دووره‌دیمه‌نێک بۆ ئه‌و بابه‌ته پێشان ده‌ده‌ن؟
هێشتا ٢٠ ڕۆژ به‌سه‌ر ئیمزاکردنی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئه‌تومیی نێوان ئێران‌و وڵاتانی ١+٥ دا تێنه‌په‌ڕیوه که چه‌ند کاربه‌ده‌ستی پایه‌به‌رزی ئورووپا، وه‌ک لۆران فابیوس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه؛ فێدریکا موگرینی، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی ئورووپا‌و کۆمه‌ڵه شاندێکی سیاسی _ئابووریی ئاڵمان‌و ئوتریش سه‌ردانی ئێرانیان کردوه. پهلهپهلو پێشبڕکێی کۆمپانیاکان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ بازاڕی ئێران ئه‌و نیگه‌رانییه جیدییه‌ی لای چالاکان‌و چاوه‌دێرانی مافی مرۆڤ‌و خه‌ڵک دروست کردوه که به‌لای وڵاتانی ڕۆژاوا پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ چه‌نده گرینگه؟ پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ له ئێران له کوێی هاوکێشه‌و موناسباتی سیاسیی نێوان ئێران‌و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دایه؟
ئایا له بارودۆخێکدا که ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی له به‌یاننامه‌یه‌کدا ئاشکرای ده‌کا که له ماوه‌ی 6 مانگی سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥دا له وڵاتی ئێران ٦٩٤ كه‌س به ئاشكرا ئێعدام كراون؛ ئیشتیاو تامه‌زرۆیی زۆر‌و له‌ڕاده‌به‌ده‌ری وڵاتانی ئورووپایی بۆ تیندانهوهی پێوه‌ندییه بازرگانییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌و نیگه‌رانییه لای خه‌ڵک دروست ناکا که، دۆخی مافی مرۆڤ له ئێران ببێته قوربانیی ئه‌و ساتوسهودایهو، ڕۆژاوا به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌کانی خۆی له سه‌رووی گیان‌و مافی خه‌ڵکی ئێران دابنێ؟
له ته‌نیشت ئه‌و پرسیار‌و نیگه‌رانییه‌دا ده‌کرێ باس له هه‌ندێ هیواو هۆمێدیش بکرێ. ئێران له ماوه‌ی ساڵانی ڕابڕدوودا به تایبه‌ت له ١٠ ساڵی ڕابردوودا له کۆمه‌ڵگای جیهانی ته‌ریک کهوتبۆوهو ئه‌وه‌ش وایکردبوو که به‌هۆی دابڕانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای جیهانی ده‌زگای داد‌و نیزامی ئه‌منیه‌تیی وڵات چیی پێخۆش بێ به‌سه‌ر خهڵکو ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی بێنێ‌و دۆخه‌که بۆ قوربانیانی پێشێل‌کرانی مافی مرۆڤ له نێوخۆی وڵات تاڵتر بکا؛ به‌ڵام کرانه‌وه‌ی به‌ره‌وڕووی ده‌ره‌وه‌دا پێوه‌ندیی خهڵکو کۆمه‌ڵگای جیهانی ده‌با به ئاقارێکی دیکه‌داو بواری ئه‌وه بۆ هه‌ڵسووڕانی مافی مرۆڤ خۆش ده‌کا تا به گه‌یاندنی زیاتری ده‌نگی خهڵکو دۆخی مافه‌کانی خه‌ڵک به دنیای ده‌ره‌وه به‌ستێنێکی له‌بار بۆ به‌ڕۆژه‌ڤکردنی پرسی مافی مرۆڤ له ئێران له بیروڕای گشتیی جیهاندا خۆش بکا.
به‌ڵام هه‌ر له‌و به‌ستێنه‌شدا کۆمه‌ڵه پرسیارێکی دی خۆده‌رده‌خه‌ن. ڕاسته ڕۆژاوا تا ئێستا نیگه‌رانی ئه‌منیه‌تی خۆی بووه‌و به چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئه‌تومی هه‌ڕه‌شه ئه‌منیه‌تییه‌کانی له‌خۆی دوور کردۆته‌وه، به‌ڵام ئایا ده‌کرێ ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌منیه‌تییه‌کان له‌سه‌ر خۆیان ببێته هۆی ئاوڕدانه‌وه‌یان ئه‌مجاره له ئه‌منیه‌تی خه‌ڵکی ئێران
ئایا تا فشارێک یان نیازێک نه‌بێ، وڵاتانی ڕۆژاوایی په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه تیجارییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێران به باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته ده‌به‌ستنه‌وه؟ ئه‌و فشاره بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تان چۆن دروست دهبێو کێ ده‌بێ دروستی کا؟
بێگومان وڵاتانی ئورووپایی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له سه‌رووی هه‌موو پرسه‌کانی دیکه داده‌نێن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بیروڕای گشتیی وڵاتانی خۆیان بۆ گرینگه، بۆیه ده‌کرێ حهسساسکردنی بیروڕای گشتیی ڕۆژاوا به پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له ئێران وه‌ک به‌ستێنێکی باش بۆ فشارهێنان بۆ ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا چاوی لێبکرێ. ده‌بێ له‌و بواره‌دا مانۆڕی زۆر له‌سه‌ر تێگه‌یاندنی ئه‌و بیروڕا گشتییه له دۆخی مافی مرۆڤ‌و کردنی به ئه‌هرومی فشار بۆ سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه له‌گه‌ڵ ئێران بدرێ؛ ئه‌وه‌ش ئه‌رکی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، چالاکانی مافی مرۆڤ‌و ڕۆژنامه‌نووسانه.
ئه‌وه‌ش که چه‌نده ده‌کرێ له‌و بواره‌دا سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ست بێ، ئه‌وه به ڕاده‌ی ئه‌و تێکۆشان‌و هه‌ڵسووڕانه به‌نده که ده‌بێ له‌و پێناوه‌دا بدرێ، ئه‌گینا کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌و نیزامه سیاسییه نییه که به پێخۆشبوونی خۆی به‌ره‌و کرانه‌وه بچێ، به‌ڵام ئه‌زموونی فشاری کۆمه‌ڵگای جیهانی له 10 ساڵی ڕابڕدوو بۆ سه‌ر ئه‌و رێژیمه له‌سه‌ر پرسه ئه‌تومییه‌که‌ی ده‌ری ده‌خا که رێژیم چۆن له به‌رانبه‌ر فشاردا پاشه‌کشه ده‌کاو که‌وی ده‌بێ.