بە پێی قسەی وەزیری پێوەندییەکانی دەوڵەتی ڕوحانی بە هۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە زانستگەی فەزایی ئێران، سێ توێژەی ئەو بوارە گیانیان لەدەست داوە.
محەممەد جەواد جەهرومی وەزیری پێوەندییەکانی ئێران ڕایگەیاندوە کە هاوکات لەو زانستگەیەدا ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچووەو بە هۆی سەرقاڵییەوە ئاگامان لە ئاگرکەوتنەوەکە نەبووە.
ئەو ئیدیعای وەزیری پێوەندییەکان هەر زۆو ڕەت کرایەوە کە لە شوێنێکی وەها گرینگ، کەرەسەی پێویست هەیە بۆ ئاگادارکردنەوە.
میدیا حکومییەکان ناو و شووناسی ئەو سێ لێکۆڵەرە کە گیانیان لەدەستداوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بڵاو نەکردوتەوە.
لە لایەک دیکە بە پێچەوانە قسەکانی وەزیری پێوەندییەکان ، “ڕوحوڵڵا زەمانی سیفەت” بەرپرسی پاراستنی زانستگەی فەزایی ئێران ڕاگەیاند کە ئاگرەکەی رۆژی یەکشەمبە ١٤ی ڕێبەندان دامرکاوەو هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئاسوشیتێدپرێس لەو بارەوە نووسیویەتی؛ وەزیری پێوەندییەکانی ئێران زانیاریی زیاتری باس نەکردوە، هەر ئەمەش گومانی ساز کردوە،
ئەو ئاگرکەوتنەوە لە زانستگەی فەزایی ئێران لە کاتێکدایە، کە کەمتر لە ٢٠ رۆژ لە مەوپێش هەواڵی هاوێشتنی ناسەرکەوتووی سەتەلایەتی “پەیام” بڵاوکرایەوەو هەر ئەوەش کاردانەوەی زووری لێکەوتەوە.
ئیسراییل و فەڕانسەو ئامریکا لەو وڵاتانە بوون کە بە دژی ئەو تاقیکردنەوە هەڵوێستیان گرت.
هەر لەو پێوەندییەدا “ئای دی کووهێن” شرۆڤەکاری نیزامی خەڵکی ئیسراییل، لە تویتێکداڕایگەیاندوە کە لە رووداوی رۆژی یەکشەممە لە بنکەی فەزایی ئێراندا ٧ کەس پسپۆڕی ناوکی گیانیان لەدەستداوە.
لە درێژەی تویتەکەی” ئایی دی کووهێن”دا هاتووە، کە تیمێکی ئیسراییلی ئەو عەمەلیاتەیان بە دژی پسپۆڕانی ئەو ناوەندە فەزاییە بەڕێوەبردووە و ٧ کەسیان کوشتووە.