ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی حەسەن ڕووحانی دەڵێ ئێمە پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی ” نیکۆلاس مادۆرۆ” دەکەین و لە سەر ئەو باوەڕەین کە خەڵکی وێنزۆئێللا بە یەکێتی و پشتیوانیی لە دەوڵەت، ئەو پیلانەش وەک پیلانەکانی دیکە پووچەڵ دەکەنەوە
دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی سەرۆک کۆماریی لە وڵاتی وێنزۆئێللا و ساختەکاریی سەرۆک کۆمار” مادۆرۆ” خەڵکی ئەو وڵاتە هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانیان دژی ئەو دیکتاتۆڕە وەڕێخست. خەڵک کە لە زوڵم و زۆر و سیاسەتە هەڵەکانی ” مادۆرۆ” وەزاڵە هاتبوون، دەنگیان دا بە ” خوان گوایدۆ” بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی “مادۆرۆ” بێنن. دوابەدوای ئاشکرابوونی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەدا، ئەمریکا و ئورووپا و زۆر لە وڵاتانی دیکەی جیهان پشتیوانی خۆیان بۆ ” خوان گوایدۆ” ڕاگەیاند؛ بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆستی نزیکی ” مادۆرۆ” پشتیوانی لە مانەوەی ئەو دیکتاتۆرە کرد. ساڵانێکە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی دیکتاتۆڕەکانی ئەو وڵاتە دەکاو پێش مادێرۆش پشتیوانی هۆگۆ چاوێز بوو و پێوەندییەکانیان بەتایبەت لەسەردەمی ئەحمەدینەژاددا زۆر پەرەی سەند. ئەوە لەحالێکدایە کە خەڵکی ئێران بە دەست برسیەتی و نەبوونییەوە دەناڵێنن، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پارە و سامانی خەڵکی ئێرانیان خستۆتە خزمەت مانەوەی دەوڵەتی دیکتاتۆری ‘ مادۆرۆ”. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لە دیکتاتۆرەکانی جیهان کە لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا هەمیشە پشتیوانی دەوڵەتە دیکتاتۆر و گرووپە توندڕۆ و تێرۆریستەکانی جیهان بووە و بەو سیاسەتە هەڵانەی خۆی بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵکی ئێران. پشتیوانیی کردنی ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێران لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد، حیزبووڵڵای لوبنان، حوسیەکانی یەمەن، حەماس و چەند لایەنێکی دیکە بۆتە هۆی بێزراویی زیاتری ئەو ڕێژیمە لە نێو بیروڕای گشتی ناوچەیی و جیهانییدا.
لە کاتێکدا کە خەڵکی وێنزۆئێللا هەر وەک خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویی دژ بە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەحمەدی نژاد، هاتوونە سەر شەقامەکان، کۆماری ئسلامیی ئێران بێ ئەوەی کە گوێ بداتە ویست و مافی خەڵکی وێنزۆئێللا، پشتیوانی لە مانەوەی دیکتاتۆرێک دەکا کە هەر وەک ڕێژیمەکەی خۆیان بێجگە لە تاڵان و گەندەڵیی و نەهامەتی هیچی دیکەی بۆ خەڵکەکەکەی بە دیاری نەهێناوە.